جێگری سەرکۆماری تورکیا: ناتوانین گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتیی سویید لە ناتۆ هەڵبکەین
«فۆئاد ئۆکتای» جێگری سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: وڵاتەکەی ناتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتیی سویید لە ناتۆ هەڵبکات لە کاتێکدا ستۆکهۆڵم رێگە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانیان دەدات بەبیانووی دیموکراتی لەسەر خاکەکەی چالاکی جۆراوجۆر لە دژی تورکیا ئەنجام بدەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆوە، جێگری سەرکۆماری تورکیا، «فۆئاد ئۆکتای» لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئا هەبەر"ی تورکی رایگەیاند:ناتوانین لێبووردە بین لەگەڵ رێگەپێدانی ستۆکهۆڵم بەو چالاکییانەی کە ئەندام و لایەنگرانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەژێر ناوی دیموکراسی ئەنجامی دەدەن، هاوکات ناتوانین گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتیی سویید لە ناتۆ هەڵبکەین، دەبێت سوید لەمە تێبگات.
جێگری سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردەوە کە، سویید تاکو ئەمڕۆ پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە کە لە رێککەوتنی سێ قۆڵیدا داوییەتی، ئینجا وادیارە لە جیدییەتی تورکیاش نەگەیشتووە، هەربۆیە بە ئەندامبوونی سویید لە ناتۆ جگە لە خەون هیچی دیکە نابێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا لیستێکی لەبارەی رادەستکردنەوەی تیرۆریستان بە وڵاتەکەی رادەستی وڵاتە پەیوەندارەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ تیرۆریستێکی داواکراو لەو لیستانەدا رادەستی تورکیا نەکراونەتەوە.
وتیشی: چاوەڕوانییان لە سویید و فینلاند ئەوەیە پابەندی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێننامە سێ قۆڵییە بن کە لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەسەری رێککەوتوون.
جێگری سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە وڵاتەکەی چاوەڕوانی ئەوە لە حکومەتی سویید دەکات کە نەک تەنها ستۆکهۆڵم بەڵکو سەرجەم شەقامەکانی سویید لە تیرۆر پاک بکاتەوە و کۆتایی بە سەرجەم چالاکییە تیرۆریستییەکانی دژبە تورکیا بهێنێت.