کانونی دوھەم 22, 2023 18:48 Asia/Tehran
  • ناڕەزایەتی دەربڕین لە دیاربەکر بەرامبەر بە سوکایەتی کران بە قورئانی پیرۆز

دوابەدوای سوکایەتی کردنی کەسێکی ڕەوشت نزم و بێ کەسایەتی لە ستۆکھۆڵمی سویید بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز، شاری دیاربەکری تورکیاش ھاودەنگ لەگەڵ خەڵکانی دیکەی جیھانی ئیسلام ھاتە دەنگ و ئەو کردەوە قیزەونەی شەرمەزارو ئیدانە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، ئەندامانی نوێنەرایەتیی پارێزگای دیاربەکری سەربە دامەزراوەی لاوانی تورکیا لە میانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی «ئۆلۆ» لە قەزای سوور گردبوونەوە.

«مەحمەدئەمین کۆشاڵ» یاریدەدەری سەرۆکی نوێنەرایەتیی پارێزگای دیاربەکری دامەزراوەی لاوانی تورکیا، بەناوی ئەو گرووپەوە دوای نوێژی بەیانی لەبەردەم مزگەوتەکە وتارێکی پێشکەش کردو ڕایگەیاند کە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم هێرشێکی قبوڵنەکراو دژبە قورئانی پیرۆز ئەنجامدراوە.

ناوبراو  بە ئاماژەدان بەوەی کە هەموو بێڕێزی کردنێک بەرامبەر بە کتێبی پیرۆزی موسڵمانان کە قورئان-ە تاوانە دژبە مرۆڤایەتی، وتیشی: "وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەردەوام و زۆر بێشەرمانە لە هێرشکردنە سەر بەها پیرۆزەکانی ئیسلام ناوەستن، پێویستە بزانن کە چینی لاوان لە تورکیا هەرگیز رێگە بە کاری لەو جۆرە نادەن و ئایین و بەها ئایینییەکانی خۆیان دەپارێزن.

«مەحمەدئەمین کۆشاڵ» جەختی لەوەش کردەوە کە، ئیسلام ئایینی ئاشتی و برایەتییە. ئەم هێرشەی کراوەتە سەر بەها پیرۆزەکانمان، بێڕێزییەکی ئاشکرایە، دیارە هەر بێڕێزییەکیش بەرامبەر بە کتێبە مەزنەکەمان کە مرۆڤەکان لە نەزانین رزگار دەکات، تاوانێکە دژبە مرۆڤایەتی و رێگەدان بە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکەمان شایەنی ریسواکردنە.

وتیشی: ئێمە چەندین سەدە لەمەوبەردژ بەم عەقڵییەتە وەستاین و ئێستایش هەمان کاردانەوەمان ھەیەو تا کۆتایی دنیاش ئەمە کاردانەوەمان دەبێت. کتێبی ئێمە کە قورئانی پیرۆزە تاجی سەرمانە و رووناککەرەوەی رێگامانە. رێگە نادەین سوکایەتیی پێ بکرێت.

سەرپەیڤ