دەستگیرکرانی ١١٧ کەس لە تورکیا بە تۆمەتی تێکدانی ئۆقرەیی جەماوەر
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ١١٧ کەسیان لەم وڵاتە بە تۆمەتی تێکدانی ئۆقرەیی جەماوەر لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەکەدا دەستگیر کرد.
ڕۆژی دووشەممە (٦ی فڤریە) دوو بوومەلەرزە بە گوڕی ٥.٧ و ٧.٨ بە پێوەری ڕێختەر ١٠ پارێزگای باشووری تورکیای هەژاند، لەوانە ئەدەنە، ئادیامان، دیاربەکر، غازی عەنتاب، هاتای، کیلیس، مەلاتیا، عوسمانییە و شانلی ئورفا. ئەم بوومەلەرزەیە بووەھۆی گیان لە دەست دانی نزیکەی ٤٠ هەزار کەس و ھاوکات بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیانێکی دارایی ٨٤ ملیار دۆلاریی بۆ ئەم وڵاتە بەجێ ھێشتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵی ئێن تی ڤی، پرۆسەی دادوەری بەردەوامە لەدژی بەڕێوەبەرانی ٧١٣ ئەکاونتی بەکارهێنەر کە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بومەلەرزە ساختەکان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا نیگەرانی گشتییان لێکەوتەوە و ١١٧ کەسیش لەو بارەیەوە دەستگیرکراون.
به پێی ئەم ڕاپۆرته ، ٢١ کەس لەوانەی دەستگیرکراون به فەرمانی دادگا ڕەوانەی زیندان کراون.