ئەردوغان: کاتی ئەوە گەیشتووە کە پێش بە نەتانیاهووی دڕندە بگیردرێ
سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژە بە هەڵوێست و کاردانەوەی ئەرێنیی حەماس بەرامبەر بە پێشنیارەکەی بایدێن لەبارەی دامەزرانی ئاگربڕ لە غەززە وتی: وەڵامی نەتانیاهوویش دیسان خوێنڕشتنەوە و زیاتر و بەربڵاوتر کردنی داگیرکاری و ژینۆساید بوو، نەتانیاهوو ناوچەکە و هەر هەموو جیهانی بەرەو کارەساتێکی گەورە پاڵ پێوە ناوە و دەبێ بەم دڕندەیە بگوترێ کە ئیتر بەسە و دەبێ ڕاوەستێ.
ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەبارەت بە ڕەوشی غەززە وتی: هەشت مانگە لە غەززەدا کوشت و کوشتار درێژەی هەیە، خەڵکی فەلەستین حەفتا و شەش ساڵە لە ژێر زەخت و زۆردان و قۆناغ بە قۆناغ لە مافەکانیان بێوەری دەکرێن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا لە ماوەی حەفتا و شەش ساڵی رابردوودا بەردەوام لە هەر پلەت فۆرمێکدا بێ ، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەم زوڵم و زۆرە ، راشیگەیاند: هیچ زەخت و گوشارێک، هیچ هەڕەشە و گوڕەشەیەک و هیچ بێشەرمییەک ناتوانێ ئەو سیاسەتەی ئێمە بگۆڕێ. ئێمە باش لە ڕەوشی نالەباری برایانی فەلەستینیمان ئاگادارین کە چۆن قارەمانانە خەریکی خەبات و بەرخۆدانن. برایانی فەلەستینیی ئێمە لە غەززە بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکەن.
ئەردوغان بە ئاماژە بەوەی کە بەڕێکرانی یارمەتییەکان بۆ غەززە دەبێ بەردەوام بێ: وتیشی: ئێمە لە چەن لاوە گوشاری ئابووری دەخەینە سەر ئیسراییل.
سەرۆک کۆماری تورکیا بە پێداگریی لەسەر ئەوەی کە هەژماری ئەو وڵاتانەی فەلەستینیان بە ڕەسمییەت ناسیوە ، گەیشتۆتە سەد و چل و حەوت وڵات، وتیشی: ئەوە وەڵامێکی شەرافەتمەندانەیە بە سیاسەتە زاڵمانەکانی ئیسراییل.