تشرینی دووه‌م 06, 2019 16:25 Asia/Tehran
  • مۆسکۆ لەبارەی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا پەیامێک ئاراستەی ئەمریکا دەکا

لەبارەی پلانەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بۆ فراوانکردنی پێگە سەربازیەکانی وڵاتەکەی بەمەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی سوریا، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە ئەو کێڵگە نەوتیانە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریادا بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی خەندان بەگوێرەی هەواڵێکی ڕووسیا تودەی؛ ئەمڕۆ چوارشەممە سێرگی ڤێرشینین، جێگیری وەزیری دەرەوەی روسیا لەمیانەی کۆنکرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" روسیا هەرگیز نایەوێت هاوکاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بکات، لەبارەی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری سوریا".

ناوبراو وتیشی، نەوت موڵکی هەمو گەلی سوریایە، روسیا بەتەواوەتی باوەڕی وایە، دەبێت هەمو سامانە سروشتیەکانی سوریا لەلایەن سوریەکانەوە بەڕێوەببرێت، نەوتیش بەهەمانشێوە.

ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە کاتێکدایە، کە دوێنێ سێشەمە راپۆرتە هەواڵیەکانی دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ فراوانکردنی بنکە و کارە سەربازیەکانی ئەمریکا بەمەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لەسوریا.