وشداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە حاند قەڵاچۆ کرانی موسڵمانان لە میانمار
کۆمیساریای باڵای ئاوارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ، ئەگەری ئەوە زۆرە کەمینەی موسڵمانی ڕوهینگیایی لە میانمار بووبێتە قوربانی جەنایەتی دژە مرۆڤایەتیی لە لایەن هێزە دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەوە.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوە کە دەوڵەتی میانمار لە جێبەجێ کردنی راسپێرییەکانی نووسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی ژوەنی ڕابردوو دەرکرا، هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.
نوێنەری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەنگلادشیش رایگەیاند کە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە کەمینەی نەتەوەیی ڕووهینگیا بە هۆی پەلاماری هێزە سەربازییەکانی میانمار لە مانگی ئۆکتۆبەر، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و هەڵاتوون بۆ بەنگلادش.
"مەک کەسیک" رایگەیاند؛ هێزە سەربازییەکانی میانمار خەریکی کوشت و بڕی پیاوانی ئەم کەمینەیە، لەت و پەت کردنی منداڵان، دەسدرێژی بۆ سەر ژنان و ئاورتێبەردانی ماڵەکانیانن و بە زۆرەملی ناچاریان دەکەن بە تێپەڕین لە نێو ڕووباری سەرسنوورییەوە خۆیان بگەیەننە بەنگلادش.
چاوەدێری مافی مرۆڤیش رایگەیاندووە لە هەفتەی رابردوودا نزیکەی هەزار ماڵی موسڵمانانی ڕووهینگیا لە گوندەکانی باکووری ڕۆژاوایی میانمار سووتاوە و بە تەواوەتی خاپوور کراوە.
پەلاماری هێزە سەربازییەکانی سوپای میانمار لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردووە تا ئێستا بە بیانووی پەلاماری کەسانی چەکدار بۆسەر چەن بنکەیەکی پۆلیس لە ئەیالەتی ڕاخین و کوژرانی ٩ هێزی پۆلیس، بۆتە هۆی کوژرانی سەدان موسڵمانی ڕوهینگیایی و ئاوارە بوونی دەیان هەزار کەسیان.
سوپای میانمار موسڵمانانی راخینی بە دەستێدابوون لەو پەلامارە تۆمەتبار کردووە.
راپۆرتە بڵاو کراوەکان سەبارەت بە جەنایەتەکانی سوپای میانمار لە ڕاخین دژ بە موسڵمانان لە چوارچێوی پیلانێکی گەورە بۆ پاکتاو کردنەوەی نژادی لەم ئەیالەتەدایە کە لە ژمارێک وڵاتی ئاسیایی ئەندامی یەکێتیی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە "ئاسێ ئان" بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی موسڵمانان بۆتەوە.
هەفتەی ڕابردوو سەدان موسڵمان لە مالیزیا، ئەندونیزیا و تایلەند بە کۆبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانەی میانمار لەو وڵاتانەدا، خوازیاری کۆتایی هاتنی قەڵاچۆ کرانی موسڵمانانی ڕووهینگیایی لە راخین بوون.
بە سەرنج دانی ئەندامەتیی میانمار لە "ئاسی ئان" ، موسڵمانانی وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە ناوچەییە چاوەڕێی ئەوە دەکەن تا ئەندامانی دیکەی ئاسی ئان هەموو توانا و دەسەڵاتیان بۆ وەبن گوشار نانی کاربەدەستانی "یانگۆن" بەکار بێنن بۆ ئەوەی کۆتایی بێنن بە توند و تیژی دژ بە موسڵمانانی راخین. بەتایبەت ئەوەی کە لە نێو ئەندامانی "ئاسی ئان"دا ئەندونیزیا زیاترین حەشیتمەتی موسڵمانی لە نێو وڵاتانی جیهان لە خۆدا گرتووە لە ڕوانگەی خەڵکی موسڵمانەوە ئەم وڵاتە ئەرک و بەرپرسایەتییەکی قورسی لە گرتنەبەری ستراتژییەکی شیاو بۆ یارمەتیدان بە کۆتایی هاتنی کوشت و بڕ و جەناتی دژ بە موسلمانان لە میانماردا خستۆتە ئەستۆیەوە.
بێتوو ئەندامانی یەکێتیی "ئاسی ئان" بە پێی یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤ توانا و دەسەڵاتی پێشپێگرانەی ئەم یەکێتییە لە پێناو کۆتایی هاتنی توند و تیژی دژ بە موسڵمانان لە میانمار دژ بەم وڵاتە بەکار بێنن، دەوڵەتی یانگۆن لە سیاسەتی سەرکوت کردن و کوشت و بڕی خۆی لە راخین پاشگەز دەبێتەوە. ئەم ڕوانگەیە لە ئارادایە کە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیش خاوەنی هەندێ توانا و دەسەڵاتن بۆ وەبن گوشار نانی دەوڵەتی میانمار لە پێناو کۆتایی هێنان بە توند و تیژی دژ بە موسڵمانان لەم وڵاتەدا کە هەڵبەت تا ئێستا ئەو توانا و دەسەڵاتانە بەکار نەهێنراوە. هەڵبەت بە سەرنج دانی ئەوەی کە کۆمیساریای باڵای پە نابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان توند و تیژی لە میانمار دژ بە موسڵمانانی بە جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی وەسف کردووە، دادگەی کەتنیی نێودەوڵەتیش دەتوانێ دژ بە کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی یانگۆن لەبەر دەستێدابوونی هێزە سەربازییەکانی میانمار لە سەدان جەنایەت و تاوانی جۆر بەجۆر لە راخین سکاڵا بەرز کاتەوە.