کاردانەوەی فەرانسا بەرامبەر بە توندوتیژیی دژی موسڵمانان لە میانمار
دەوڵەتی فەرانسا، لە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی دەوڵەتی میانمار بەرامبەر بە بارودۆخی موسڵمانانی ڕوهینگیا ڕەخنەی گرت.
بە پێی نووسینی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی فەرانسیی لا لیبراسیۆن ، ڕۆمن ناداڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسا ڕۆژی پێنج شەممە وتی: بەکار هێنانی توندوتیژی دژی کەمینەی موسڵمانان لە میانمار جێگای قەبووڵ نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسا، هەروەها وێڕای نیگەرانی دەربڕین لەمەڕ ئەشکەنجەو ئازاردانی کەمینەی موسڵمانانی ڕوهینگیا داوای ڕاگیرانی ئەم بارودۆخەی کرد.
بەقسەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسا، دەبێ ڕەهەندەکانی توندوتیژیی دژی موسڵمانانی ڕوهینگیا ڕوون بێتەوەو هۆکارانی ئەم تاوانکارییانە ڕادەستی کاربەدەستانی دادەڤانی بکرێت.
توندوتیژییەکانی ساڵانی ئەم دواییەی بوداییە توندئاژۆکان دژی موسڵمانانی ڕوهینگیا بە تایبەت لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ساڵی دووهەزارو شانزەوە هەتاکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و هەڵوەدا بوونی پتر لە سی هەزار کەس لە موسڵمانانی ڕوهینگیا.
کەمینەی موسڵمانانی ڕوهینگیا لە مافی شارومەندایەتی لە میانماردا بێ بەرین و پتر لە سەدوبیست هەزار کەسیان لە ئوردوگاگەلێک دا دەژین کە کەمترین مسۆگەراتیشیان بۆ دابین ناکرێت.