جەنایەتی پلان بۆ داڕێژراوی سوپا و پۆلیسی میانمار دژ بە ژنانی موسڵمان
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، رایگەیاند؛ جەنایەتێکی سیستماتیک و پلان بۆداڕێژراو لە لایەن سوپا و پۆلیسی میانمارەوە دژ بە ژنانی موسڵمانی ڕووهینگیا دەکرێ.
بە پێی ڕاپۆرتی پرێس تی ڤی؛ ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێک رایگەیاند؛ هێزە دەوڵەتییەکانی میانمار لە ئەیالەتی ڕاخین، دەسدرێژی جنسی دەکەنە سەر ژنان و منداڵانی کەمینەی موسڵمانی ڕوهینگیا.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ هەروەها داوای لە دەوڵەتی میانمار کرد خێرا کاردانەوەی نیشان بدات بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە دەسدرێژی کرانە سەر ژنان و کچانی موسڵمان بڵاو بوونەتەوە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە؛ سوپا و پۆلیسی سەرسنووریی میانمار لە ٩ی ئۆکتۆبەر تا ناوەڕاستی دێسەمبەری ٢٠١٦ لانیکەم لە ٩ گوندی ناوچەی ڕاخیندا دەسدرێژییان کردۆتە سەر کچان و ژنانی موسڵمان.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لە ڕاپۆرتێکدا جەنایەتی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراوی سوپای میانمار دژ بە ژنانی موسڵمانی پشت ڕاست کردەوە.
ئەیالەتی ڕاخین لە باکووری ڕۆژاوای میانمار، شوێنی نیشتەجێ بوونی ژمارێکی زۆر لە موسڵمانانی ڕووهینگیایە، لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە تا ئێستا بۆتە گۆڕەپانی توند و تیژیی ئایینی و نژادیی توندڕەوانی بودایی دژ بە موسڵمانان.
لەم توند و تیژییانەدا، سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش لە ترسی گیانیان، لە ماڵ و زێدی خۆیان هەڵاتوون و لە ئۆردوگاگەلێکدا لە بەنگلادش، تایلەند، مالیزیا و ئەندونیزیا نیشتەجێ بوونە کە لە باری ڕاژەکاری و پاکپارێزییەوە لە ڕەوشێکی یەکجار نالەباردان.