خۆپیشاندانی جەماوەری پاکستان دژی بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە قودسی داگیرکراو
هەزاران پاکستانی بە بەرپا کردنی خۆپیشاندان لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە هەنگاوەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان لە بارەی بە فەرمی ناسینی شاری قودس وەکوو پێتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودس شەرمەزار کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێدپرێس ، خۆپیشاندەران ڕۆژی پێنج شەممە لە شارە جۆربەجۆرەکانی پاکستان لەوانە ئیسلام ئاباد، کەراچی، پیشاوەرو شاری موڵتان ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان بە پێشێلکەری بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و مافی نێونەتەوەیی هاوپەیوەند بە قودسی داگیرکراو زانی.
ئەم خۆپیشاندانە ڕۆژێک دوای ئەوە بەڕێوە چوو کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕاگەیاندنی بریارەکەی لە بارەی قودسەوە، تووڕەیی موسڵمانانی لە سەرتاسەری جیهاندا ورووژاند.
پاکستان داوای لە ئەمریکا کردووە بەو هەنگاوانەی دا بچێتەوە کە جێ و شوێنی یاسایی و مێژوویی قودسی پیرۆز دەگۆڕێت.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات.