وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا: داگیرکرانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە قەبووڵ ناکرێت
وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی هەینی لەمیانەی پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ "ئانجلینو ئالفانو"ی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە ڕوما پێداگری کرد : داگیرکرانی شاری "عەفرین"ی باکووری سوریا لەلایەن تورکیاوە قەبووڵ ناکرێت .
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆتەلەفزیون، هایکو ماس وتیشی : ئاڵمان داگیرکرانی هەمیشەیی عەفرین لە لایەن هێزی تورکیا قەبووڵ ناکات .
ئانجلینو ئالفانو ش لەم پرێس کۆنفرانسە دا وتی : پەلاماری هێزی تورکیا بوسەر عەفرین بووەتە هۆی نیگەرانی .
شاری عەفرین لە باکووری سوریا ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکرا .
سوپای تورکیا بە هاوکاری تاقمی ناسراو بە سوپای ئازادی سوریا لە بیستەمی ژانیڤەری ساڵی 2018 ەوە پەلاماری سەربازی خۆی بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوەی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە لە عەفرین لەباکووری سوریا دەست پێکردووە .
تورکیا بەرلەمەش ئۆپراسیۆنێکی بە ناوی سپەری فورات لە باکووری سوریا ئەنجام دابوو .
دەوڵەتی سوریا ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لەنێو خاکەکەی بە هەوڵی داگیرکارانە و بنپێکردنی سەروەری خۆی وەسف کردووە و ئیدانەی کردووە.
زۆرێک لە دانیشتوانی شاری 350 هەزار کەسەی عەفرین دوای پەلاماری هێزی تورکیا و ئەندامانی تاقمی ناسراو بە سوپای ئازادی سوریا، ناچار بوون ماڵەکانیان بە جێ بێڵن.
ئەندامانی تاقمی ناسراو بە سوپای ئازادی سوریا دوای داگیرکرانی شاری عەفرین ئەم شارەیان بە تاڵان برد.