May 23, 2018 08:16 Asia/Tehran
  • باڵوێزی یەکێتی ئوروپا لە ڕووسیا : دەبێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بپارێزرێ

باڵوێزی یەکێتی ئوروپا لە ڕووسیا دوێنێ سێ شەم پێی داگرت لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وتی: هەڵوێستی یەکێتی ئوروپاوو ڕووسیا لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکی لێک نزیکە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، مارکوس ئەدێرێر وتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی یەک لەو بابەتانەیە کە یەکێتی ئورپاو ڕووسیا لەسەری کۆکن و پێیان وایە، بەتەنیا ناتوانن بیبەنەپێش.

ئەندرەی کۆرتونۆڤ بەرپرسی گشتیی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕووسیاش ڕۆژی سێ شەممە پێی داگرت: ئوروپا ، چین و ڕووسیا دەبێ بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، یەکدەنگ ویەکگرتوو بجوڵێنەوە.

کۆورتونۆڤ هەروەها لەکاردانەوە بەلێدوانی دژە ئێرانیی ئەم دواییەی مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێ بەوجۆرەی هەیە جێ بەجێ بکرێ.

مایک پۆمپێئۆ رۆژی دووشەممە لەقسەگەلێکی پڕلە تۆمەت پاڵدانە ئێران، ستراتژیای نوێی واشنگتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش چوونەدەری وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕاگەیاند.

پۆمپێئۆ پێی داگرت؛ ئەمریکا پاش چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەهەوڵی لەگوشارنانی زیاتری دراڤی و سەپاندنی سزای کەم وێنە بەسەر ئێراندایە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سێ شەممە هەشتی مای بەدووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ ئێران، چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئابلۆقە ناڤۆکییەکان لەماوەی سێ هەتا شەش مانگی داهاتووی ڕاگەیاند.

ئەو کردەی ترەمپ لەئاستێکی بەرفراوان لەناوخۆ ودەرەوەی ئەمریکا شەرمەزار کرا.

ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان مەخابنی دەربڕی لە بڕیاری یەکلایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئاڵمان و یەکێتی ئوروپاش وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕایانگەیاند، لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داکۆکی دەکەن.

سەرپەیڤ