بەڵێنی مەکرۆن؛ باجەکان دادەبەزێن
سەرۆک کۆماری فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە بۆ پتەو کردنی بنەمای سەرۆک کۆمارەتییەکەی خۆی و بەرتەسک کردنەوەی خۆپیشاندانەکانی "سوخمەزەردەکان" بەڵێنی دا کە باجی سەر داهات دادەبەزێنێ.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەرەنسا؛ "ئیمانۆئێل مەکرۆن" بەڵێنی داوە، بۆ تیابردنی هەست بە نادادوەری دراوی و کۆمەڵایەتی، چاکسازییەکی بنەڕەتی لە داڕشتی دەوڵەتی فەرەنسا جێبەجێ دەکات.
مەکرۆن سەبارەت بە دابەزاندنی باجیش وتی کە هەوڵ دەدات باجی سەر داهاتی کەسانی مووچەخۆر بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزێنێ.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا هەروەها بەڵێنی دا لە ناوچە گوندنشینەکاندا کە لە ماوەی چەن مانگی رابردوو ببوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندان، ئاستی راژەکاری گشتیی بەرز بکاتەوە.
فەرەنسا لە ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ـەوە بۆتە گۆرەپانی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری دژ بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە.
ناڕەزایەتی دەربڕینەکان سەرەتا بۆ کاردانەوە بەرامبەر بە سیاسەتە ئابوورییەکانی "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا بەتایبەت لە بواری سووتەمەنی و باج دەست پێبوو، بەڵام خێرا ڕەهەندێکی سیاسی گرتە خۆی.
ناڕازییانی فەرەنسی کە خۆیان بە "سوخمە زەردەکان" دەناسێنن، سیاسەتەکانی مەکرۆن بە هۆکاری توندتر بوونی گوشاری ئابووری لە سەر شاروومەندانی فەرەنسی دەزانن و خوازیاری وەلانرانی ئەون.
بە پێی ڕاپرسیەک کە ئەمدواییە لە لایەن ڕێکخراوی ئۆدۆکسا (Odoxa) بۆ ڕادیۆ فەرەنسا و ڕۆژنامەی "لۆفیگارۆ" ئەنجام دراوە، چوار سێی خەڵکی فەرەنسا لە کارنامە و سیاسەتەکانی مەکرۆن ڕازی نین.