May 06, 2020 12:22 Asia/Tehran
  • ڤلادیمیر پوتین میدالیای تایبەتیی دایە ڕێبەری کۆریای باکووری

ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ ڕێزنان لە کۆریای باکووری لە بەر «یادی سەربازەکانی سوپای سوور کە لە پێکدادانێکدا لە کۆڕیای باکووری گیانیان بەخشی» میدالیای شانازیی دایە «کیم جونگ ئون» ڕێبەری کۆریای باکووری.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، لە ساڵی ١٩٤٥ دا سوپای سۆڤیەتی پێشوو «سوپای سوور» لە ھەڵمەتی سەندنەوەو ڕزگار کردنی شێوەدوورگەی کۆریا لەژێر ڕکێفی ھێزەداگیرکەرەکانی ژاپۆن بەشداریی کردو لە ئەنجام دا ٤٧٠٠ سەربازی ڕووسی گیانیان لە دەست داو لەم ژمارەیە ١٣٧٥ کەسیان لە کۆریای باکووری دا نێژراون.

ئەم میدالیای شانازییە لە لایەن «ئێلێکساندێر ماستاسگۆرا» باڵوێزی ڕووسیا لە کۆریای باکووری درایە وەزیری دەرەوەی کۆریا بە نوێنەرایەتی لە لایەن ێکیم جونگ ئون»ەوە.

ئەم ھەنگاوە جێی سەرنجە لە کاتێکدا ئەنجامی گرتووە کە میدیاکانی ڕۆژئاوا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بانگەشەی گیان سپاردنی ڕێبەری کۆریای باکووری دەکەن. جێگای ئاماژەیە «کیم جونگ ئون» دوای چەند ڕۆژێک دیار نەمان لەم حەوتەیەدا دەرکەوت و تەواوی ئەو دەنگۆ بێ بنەمایانەی میدیاکانی ڕۆژئاوای پوچەڵ کردەوە.

دەنگۆکانی ھاوپەیوەند بە نەخۆشیی ڕێبەری کۆریای باکووری دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتێک لە لایەن کەنەڵی ھەواڵیی «سی ئێن ئێن»ەوە پەرەی سەند کە تیای دا بانگەشەی ئەوە کرا بوو کە گوایە «کیم جونگ ئون» بەشداریی چەند ئاھەنگێکی فەرمیی نەکردووەو لەوانەیە نەساغ بێت.

سەرپەیڤ