ته‌مووز 08, 2020 12:45 Asia/Tehran
  • جەختی سەرۆک پەرلەمانەکانی ژاپۆن،ھیند، تونس و کازاخستان لە سەر پەرە پێ دانی پەیوەندیی پەرلەمانی لەگەڵ ئێران دا

سەرۆک پەرلەمانەکانی ژاپۆن،ھیند، تونس و کازاخستان لە پەیامگەلێکی جیاجیادا بۆ «موحەممەد باقر قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە سەر پێویستیی ھێزمەند کردن و پەرە پێ دانی پەیوەندیی پەرلەمانی لەگەڵ ئێران جەختیان کرد.

«ئاکیکۆ سانتۆ» سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکارانی باڵای ژاپۆن لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی ھەڵبژێردرانی «موحەممەد باقر قاڵیباف» بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، ھیواداریی دەربڕی کە لە ڕێگای ھەڵس و کەوتی نێوان پەرلەمانی دوو وڵات، پەیوەندییەکانی تۆکیۆو تاران زیاتر پەرە بستێنێ.

«ئوم بیرلا» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھیندیش لە پەیامی پیرۆزباییەکەی  لەمەڕ ھەڵبژێردرانی «موحەممەد باقر قاڵیباف» بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، لە سەر پێویستیی پتەوبوونەوەو ھێزمەند کرانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات پێی داگرت.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بە ڕێزگرتنی حەفتادەمین ساڵگەڕی ڕێککەوتنی دۆستانەی نێوان ئێران و ھیند ھیوای خواست، ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات ھەتا گەییشتن بە ئاستی باڵاتر بەردەوام بێت.

«ڕاشید غەنوشی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی تونسیش لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران،وتی: بەھێزکرانی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانەکانی ھەردووک وڵات، دەبێتە ھۆی پاڕاوتر بوونی ھاوکارییەکانی نێوان تاران و تونس لە ئاراستەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردووک نەتەوەکە.

ھەروەھا «مولێن ئشمیبایۆف» سەرۆکی ئەنجومەنی سێنای کازاخستان لە پەیامێکدا ڕوو لە قاڵیباف وێڕای ئاماژە کردن بە ھێزمەند کرانی ھاوکارییە پەرلەمانییەکانی نێوان کازاخستان و ئێران لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە، پێی داگرت، پەیوەندیی ھەمەلایەنەی تاران و نورسوڵتانیش لە ئاراستەی دابین کرانی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک نەتەوەکە دەبێ پەرە بستێنێ.

«موحەممەد باقر قاڵیباف» ٢٨ی مای بە ٢٣٠ دەنگ لە تێکڕای ٢٦٧ دەنگی نوێنەران بوو بە بۆ سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ