شوبات 01, 2021 15:53 Asia/Tehran
  • فەرمانی پوتین بۆ دامەزراندنی دادگای مافی مرۆڤ

سەرۆکی روسیا فەرمانیدا دادگای باڵا و وەزارەتی دادی ئەم وڵاتە ئیمکانی دامەزرانی دادگای مافی مرۆڤ تاووتوێ بکەن .

بە پێی راپۆرتی ھەواڵدەریی ئیتارتاس ، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا  ھەروەھا خوازیاری دابین بوونی مافی رۆژنامەوانان لە ناوچەکانی فێدڕاڵی روسیا بوو . 

سەرۆکی روسیا ھەروەھا فەرمانی بە دادئەستێنی گشتیی ئەم وڵاتە داوە تا زانیاریەکانی ناوەندە ناحکومیەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ تاوتوێ بکات . 

لە رۆژانی رابردوودا لە زۆر شاری روسیا لەوان مۆسکۆی پێتەخت خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوەچووە و تا ئێستا 2000 کەس لە ناڕازیان گیراون . 

ئالێکسی ناڤالنی بەرھەڵستکاری ناسراوی روس ، بیستی ئابی 2020 لە کاتی گەشتێکی بەفڕۆکەی نێوخۆیی لە تۆمسکەوە بۆ مۆسکۆ تووشی نەخۆشی ھات و لە ژێر زەخت و گوشاری نێودەوڵەتیی گوازریەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئاڵمان . 

وڵاتانی رۆژاوایی بە تایبەت ئاڵمان رایانگەیاند مۆسکۆ  ئالێکسی ناڤالنی بە گازی ژاراوی دەرمانداو کردووە . مۆسکۆ ئەم بابەتە ڕەتدەکاتەوە . 

 ئالێکسی ناڤالنی حەوتەی رابردوو گەڕایەوە مۆسکۆ و دەسگیر کرا . 

سەرپەیڤ