ئادار 19, 2021 07:48 Asia/Tehran
  • کرملین: ئەمریکاو ڕووسیا نێوانیان گەلێک ئاڵۆزە

وتەبێژی کۆشکی کرملین لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی سوکایەتی کارانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی «پوتین» پێی داگرت: پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆو واشێنگتۆن گەلێک ئاڵۆزە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕووسیی «تاس»، «دیمیتری پسکوف» وتەبێژی کرملین ڕۆژی پێنج شەممە لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران و لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی سوکایەتی کارانەی «جۆبایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرامبەر بە «ڤلادیمیر پوتین»ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی: من لە بەکارھێنانی ھێندێک وشەو ڕستە بۆ ڕادەربڕین لەم پەیوەندییەدا خۆم دەبوێرم و بەس شتێک دەڵێم و ئەویش ئەمەیە کە، ئەو جۆرە قسانە ڕادەربڕینێکی زۆر خراپە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کردوویەتی.

«پسکوف» پاشان پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان واشێنگتۆن و مۆسکۆی بە زۆر ئاڵۆزو نالەبار نرخاندو وتیشی: چاک بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بابەتێک نییە کە مۆسکۆ وەڵامی بداتەوە بەڵکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیەتی.

وتەبێژی کرملین ڕادەربڕینی ئەم دواییەی «جۆ بایدێن» سەرۆک کۆماری ئەمریکای لەگەڵ کەناڵی « ئەی بی سی» دا بە ڕووداوێک زانی کە ڕەوتی کاروبارەکانی گۆڕیوە.

«جۆ بایدێن» سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکی تێروتەسەل دا لەگەڵ کەناڵی «ئەی بی سی نیوز» وێڕای بە «بکوژ» ناوبردنی «پوتین» ، بانگەشەی کرد کە  خۆھەڵقورتاندنی «پوتین» لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا لە سەری گران دەکەوێت.

ئینجا  «ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیاش ڕۆژی پێنج شەممە لە وەڵامی سوکایەتییەکانی «جۆبایدێن»ی ھاوتای ئەمریکیی خۆی وتی: مرۆڤەکان پێیان خۆشە خەڵکانی تر بە شتێک ناوزەد کەن کە لە خۆیاندا ھەیە، کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لایان وایە کە ئێمەش وەک خۆیانین، بەڵام دیارە «بۆماوەیی» ئێمە لەگەڵ ئەواندا جیاوازەو بە دڵنیاییەوە بکوژ ئەو کەسەیە کە کەسانی تر بە بکوژ دەزانێت.

سەرپەیڤ