ئادار 28, 2023 11:00 Asia/Tehran
  • سەرۆکی کۆریای باکور داوای بەرهەمهێنانی ماددەی ئەتۆمیی زیاتر دەکات

«کیم جۆنگ ئون» سەرۆکی کۆریای باکور بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: پێویستە وڵاتەکە بە تەواوی ئامادەکاری بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە هەر کات و شوێنێکدا کە بێت.

ئاژانسی هەواڵدەریی ناوەندیی کۆریا ڕایگەیاندووە کە «کیم جۆنگ ئون» ئەو قسانەی لە کاتی ھەڵسەنگاندنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوردا کرد.

سەرۆکی کۆریای باکور داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد کە، بە شێوەیەکی دوربینانە بەرهەمهێنانی ماددەی ئەتۆمی بۆ دروستکردنی چەک فراوان بکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانه‌که‌یان بۆ زیادکردنی جبەخانەی ئەتۆمی بە شێوەیەکی گشتگیر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک کۆریای باکور چەکی ئەتۆمیی خۆی "بەبێ کەموکوڕی" بەرهەم بهێنێت، ئەوسا دوژمن لێمان دەترسێت و ناوێرێت سەروەریی وڵات و حکومەت و گەلەکەمان ببه‌زێنێت.

کیم وتووشیەتی: دوژمنی هێزە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور وڵات و گروپێکی دیاریکراو نییە و سیاسەتی زیادکردنی جبەخانەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە تەنها بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە.

کۆریای باکور تاقیکردنەوە سەربازییەکانی پەرە پێ دەدات و دوێنێ دوشەممەش دوو موشەکی بالیستیکی هەڵدا و حەوتەی ڕابردووش ئاماده‌یی بۆ شیمانەی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی ئەمریکا و کۆریای باشور راگه‌یاند.

سەرپەیڤ