نیسان 28, 2023 22:58 Asia/Tehran
  • پیلانی ئۆکرانیا بۆ تیرۆرکردنی پوتین

ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئۆکرانیا بەتەما بووە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن کە ١٧ کیلۆ تەقەمەنیی پێ بووە، سەرۆک کۆماری ڕووسیا تیرۆر بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، ڕۆژنامەی «بیڵد»ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بەنیازی تیرۆرکردنی «ڤلادیمێر پوتین» سەرۆکی ڕوسیا بووە بە ھۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێنی پڕ لە تەقەمەنییەوە، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەرلەوەی بگاتە ئامانجەکەی داکەوتووەو ئەو پیلانەی  کییەڤ شکستی هێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەوتەیە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی UJ-22یان خراوەتە خوارەوە کە 17 کیلۆگرام تەقەمەنی پلاستیکی C4ی تێدابووەو ئامانجی گەییشتن بە ناوچەیەکی پیشەسازیی تازە دروستکراو لە نزیک مۆسکۆ بووە کە بڕیاربووە پوتین سەردانی بکات.

بیڵد بە پشتبەستن بە تویتێکی چالاکوانی ئۆکراینی «یوری ڕۆمانێنکۆ» ڕایگەیاندووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆتەقێنەکە چەند میلێک لە شوێنی مەبەستی کەوتووەتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگاتە پارکە پیشەسازییەکەی «ڕودنێڤ» بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەی واتە تیرۆرکردنی پوتین.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کییەڤ تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم ڕاپۆرتەی بیڵد نەداوە.

سەرپەیڤ