ئاب 30, 2023 18:25 Asia/Tehran
  • گابۆن... بە کودەتایەكی سەربازی کۆتاییان بە دەسەڵاتی 55 ساڵەی بنەماڵەیی ئەو وڵاتە هێنا

لە وڵاتی گابۆن، دواى راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، گروپێک سەرباز هەڵیانکوتایە سەر بینای تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی و دەستبەسەرداگرتنی حکومەتیان راگەیاند.

گروپەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی چوارشەممە، لە تەلەفزیۆنی نیشتمانی دەرکەوتن و رایانگەیاند: دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست، دوای ئەوەی دەزگای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە رایگەیاند سەرۆک، عەلی بۆنگو بۆ خولی سێیەم سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

ئەو ئەفسەرانە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی گابۆن 24 دەرکەوتن، رایانگەیاند کە نوێنەرایەتی هەمو هێزە ئەمنییەکان و بەرگرییەکانی وڵاتی ئەفریقای ناوەڕاست دەکەن، ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵوەشاوەتەوە و سەرجەم سنورەکان داخراون تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر و دامودەزگاکانی دەوڵەت هەڵوەشێنرێنەوە.

ئاژانسى رۆیتەرز ئاماژەى بەوەکردوە، دوای دەرکەوتنی گروپەکە لە تەلەڤیزیۆنى نیشتمانى دەنگی بەرزی تەقە لە شاری لیبرڤیلی پایتەخت دەبیسترێت.

ئەفسەرەکان دەڵێن: “بە ناوی گەلی گابۆنەوە بڕیارمانداوە بەرگری لە ئاشتی بکەین بە کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێستا.”

ئەگەر ئەم کودەتایە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێتە هەشتەمین کودەتا لە ساڵى 2020ـەوە کە لە رۆژئاوا و ناوەڕاستى ئەفەریقا رویدابێت ئەوەش دواى کودەتاى هەریەک لە (مالی، گینیا، بورکینافاسۆ، چاد و نەیجەر).

ئەو کودەتایە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ناوەندی هەڵبژاردنەکانی گابۆن رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە بۆنگۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە 64.27%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەڵبژاردنێکی گشتی کە بەهۆی دواکەوتنەوە توشی کێشە بو و ئۆپۆزسیۆن بە ساختەکاری ناساندى.

کۆمیسیۆنى وڵاتەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە ئەنجامەکەی راگەیاند، میشێل ستیفان بۆندا سەرۆکی CGE وتی رکابەری سەرەکی بۆنگۆ، ئەلبێرت ئۆندۆ ئۆسا، بە 30.77% پلەی دوەمی بەدەستهێناوە. تیمی بۆنگۆ تۆمەتەکانی ئۆندۆ ئۆسایان سەبارەت بە ناڕێکی لە هەڵبژاردنەکاندا رەتکردەوە.

بۆنگۆلى و دەسەڵاتە خێزانییەکەى 56 ساڵە حوکمى گابۆن دەکەن، بەڵام لەم دواییانە هێزى ئۆپۆزسیۆن فشارەکانیان زیاتر کردووە، هەر ئەمەش هۆکاربو بۆ کۆتایى هێنان بەو دەسەڵاتە خێزانییە.

بۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ، کە لە ساڵی 2009 لەجێى عومەری باوکی بوە سەرۆکی وڵات، لەگەڵ 18 رکابەریدا رکابەریی کردبو، کە شەشیان پشتگیرییان لە پاڵێوراوێکی هاوبەش کردبو کە وەزیری پێشو و مامۆستای زانکۆ، ئەلبێرت ئۆندۆ ئۆسا بو.

لە ساڵی 2016دا بینای پەرلەمان سوتێنرا کاتێک ناڕەزایەتی توندوتیژی شەقامەکان دژی هەڵبژاردنەوەی بۆنگۆ بۆ خولی دوەمی خۆی کە کێبڕکێی لەسەربو، سەریهەڵدا. لەو کاتەدا حکومەت بۆ چەند رۆژێک ئینتەرنێتی داخست و بارى نائاسایى راگەیاند.

 

 

 

سەرپەیڤ