کۆشکی سپی: لە هەوڵی شەڕ لەگەڵ ئێراندا نین
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی پێی داگرت، ئەمریکا لەدووی شەڕ لەگەڵ ئێراندا نییە.
"جان کێربی" وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەئاماژە بەوەی کە حکومەتی "جۆ بایدن"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خەریکی تاووتوێی بژارەکانە لەبارەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، پێی داگرت؛ واشنگتۆن بەنیاز نییە لەگەڵ ئێران بکەوێتەشەڕ و هەروەها لەهەوڵی ئەوەشدا نییە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەدا تاوپێ بدات.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری پرۆگرامەکە لەبارەی ئەوەی کە چەند ئەندامێکی گۆنگرە خوازیاری وەلامدانەوەی ڕاستەوخۆ بە ئێرانن، وتی: "ئێمە لەدووی ئەوە نین لەگەڵ ئێراندا شەڕ بکەین. نامانهەوێ شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەناوچەدا تاو پێ بدەین".
جان کێربی جارێکی دیکە پێی داگرت؛ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆمەڵێک بژارە تاووتوێ دەکا بۆ وەڵامدانەوە بە کوژران و برینداربوونی چەکدارانی ئەمریکی بەڵام نایەوێ زووتر باسی روانگەو کاردانەوەی ئەمریکا بکات.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ئیدیعای کرد، ئەمریکا هیچ قازانجێک ناکا لەوەی شەڕ لە ناوچەدا پەرەبسێنێ یان شەڕێکی دیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵایسێ وتێیدا بەشدار بێت.