نیسان 28, 2024 11:00 Asia/Tehran

بزووتنەوەی خوێندکارانی نەیاری تاوانکاریی زایۆنیەکان لە غەززە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان پەرەی سەندووە، لە ئەمریکاوە بگرە هەتا فەڕانسە و زانکۆکانی ناوچە، خوێندکاران بەیەکدەنگ دژایەتیی خۆیان بەرامبەر تاوانکاریی زایۆنییەکان، هاوار دەکەن.

لەکاتێکدا کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەدان خوێندکار لە ئەمریکا لەڕەوتی خۆپێشاندانی دژایەتی لەگەڵ زایۆنییەکان، گیراون و زیندانی کراون، خوێندکارانی زانکۆی جۆرج واشنگتۆن لە ئەمریکا پێیان داگرت، سەرباری هەموو ئەو هەڕەشەو گوڕەشانەی لەگەڵیدا بەرەوڕوون، درێژە دەدەن بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان بەئامانجی ڕاگیرانی شەڕی ئیسرائیل لەدژ کەرتی غەززە. خوێندکارانی ناڕازی لە واشنگتۆن، چەفیەو ئاڵای فەلەستینیان لەسەر پەیکەری جۆرج واشنگتۆن لە سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا، دانا هەتا لە رەفتارێکی سەمبولیکدا ئەو پەیکەرەش پەیوەست بێ بە گردبوونەوەی پشتگریی لە خەڵکی فەلەستین.

لە زانکۆی کالیفۆرنیاش گردبوونەوەی پاڵپشتیی لە خەڵکی فەلەستین و دژبەریی تاوانکاریی زایۆنییەکان، بە شۆر و شۆقێکی زۆرەوە بەردەوامە. "ئینتفازە، ئینتفازە"، دروشمی خوێندکارانی ناڕازیی بوو.

سەرباری ئامادەبوونی بەرفراوانی هێزە ئاسایشییەکان و هێزی پۆلیسی ئەمریکا لە زانکۆکان، خوێندکارانی ناڕازیی هەروا درێژە دەدەن بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەدژ تاوانکارییەکانی رژیمی ئیسرائیل و ئیدانەی پشتگرییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەو رژیمە.

لە ئینگلیزیش بزووتنەوەی خوێندکارانی نەیاری ژینۆساید لە غەززە دەس پێ بووەو خوێندکاران لە ژمارێک لە زانکۆکانی ئینگلیز، خوازیاری کۆتایی هاتنی شەڕ و ژینۆسایدی ئیسرائیلن لە کەرتی غەززە.

خوێندکارانی زانکۆی "یوسی ئێل" بۆ هاودەنگیی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکاو پشتگریی لە داواکارییەکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و قەدەغەی ناردنی چەکەمەنی بۆ ئیسرائیل، لە حەوشی زانکۆ کۆبوونەوە.

لە چەند زانکۆیەکی ئوسترالیاش خوێندکاران بۆ داکۆکی لە خەڵکی فەلەستین و ئیدانەی تاوانکاریی زایۆنییەکان و ژینۆساید لە غەززە، خۆپێشاندانیان کرد.

خوێندکارانی ناڕازیی لە زانکۆی مێلبۆرنی ئوسترالیا دەستیان کرد بە مانگرتن. خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، مەشهەد و ئەهوازی ئێرانیش پاڵپشتیان کرد لە ڕاپەڕینی خوێندکارانی لایەنگری فەلەستین لە ئەمریکاو ئوروپا.

سەرپەیڤ