ئادار 29, 2025 19:48 Asia/Tehran

لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزاندا، هاوکات لەگەڵ خەڵکی ئێران، ئازادیخوازان و پشتیوانانی مافەکانی گەلی فەلەستین لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هاتنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پشتیوانی خۆیان لە ئارمانجی بەرزی گەلی فەلەستین ڕابگەیەنن و ژینۆسایدی زایۆنییەکان دژ بە گەلی فەلەستین شەرمەزار بکەن.

لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا خۆپیشاندان و ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین لە ئێرانەوە تا عێراق، لە وڵاتانی ناوچەی قەفقازەوە تا شارە گەورەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین بەڕێوەچوو.

بۆ یەکەمجار سەدان کەس لە شاری ڕیۆدیژانیرۆ کە یەکێکە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییە دیارەکانی برازیل، لە ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانی قودس بەشدارییان کرد. بەشداربووان بە هەڵکردنی ئاڵای فەلەستین و گرتنەدەستی پلاکارد و لافیتە بە درووشمی داکۆکی لە گەلی فەلەستین، جەختیان کرد لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و جێبەجێکرانی دادگەر و دادپەروەری.

هاوکات لەگەڵ کۆتا هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، هەزاران کەس لە مالیزیا و ئەندونیزیا هاتنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ئارمانجی فەلەستین. خەڵکی مالیزیا تابووت و تەرمی هێمایی منداڵان و شەهیدانی فەلەستینییان لە سەر شانیان هەڵگرتبوو.

هەروەها ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی قودس لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاجیکستان بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرس، کەسایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، چالاکانی بواری ڕاگەیاندنی تاجیکستان، باڵوێز و بەرپرسی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ئێرانیانی دانیشتووی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو.

لە کشمیریش هەزاران کەس بە بەشداری لە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشمی فەلەستینی ئازاد، پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ستەملێکراوی فەلەستین ڕاگەیاند. هەزاران کەس لە کشمیرییەکان کە زۆربەیان ژن بوون، پشتیوانیان لە ئارمانجی فەلەستین کرد و جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززەیان شەرمەزار کرد.

بەملیۆنان کەس لە خەڵکی پاکستانییش لە شارە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەدا هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی "نەمان بۆ ئیسرائیل" و "نەمان بۆ ئەمریکا"ـیان وتەوە و هاوکات پشتیوانیی بتەوی خۆیان لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین و ئارمانجی ئازادی قودسی پیرۆز ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ