کاردانەوەکان بە خۆوەردان و دەسدرێژیی سەربازیی ئەمریکا دژ بە ڤەنزۆێلا
دێلسی ڕۆدریگێز جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا دوابەدوای ڕفێندرانی مادۆرۆ، بەرپرسیارەتیی حکومەتی ئەم وڵاتەی گرتە ئەستۆ.
بەپێی دەستووری ڤەنزوێلا دەبێت خاتوو ڕۆدریگێز تا ٣٠ ڕۆژی تر ەستێن بڕەخسێنێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لەم وڵاتەدا. لەشکرکێشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هاوتا ڤەنزوێلاییەکەی، پشتیوانی ئێرانی بۆ نەتەوە و حکومەتی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش داوای لە حکومەتی ئەمریکا کردووە دەستبەجێ ئاسانکاری بکات بۆ ئازادکردنی مادۆرۆ و هاوژینەکەی. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیایش ڕایگەیاند کە مۆسکۆ تەواو نیگەرانە و ئیدانەی "هێرشە سەربازییە دەستدرێژکارانەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا دەکات. شاروومەندانی وڵاتانی جیهانیش، لەوانە ئەمریکا، کۆڵۆمبیا، شیلی، ئیکوادۆر، برازیل، ئیسپانیا و مالیزیا، بە کۆبوونەوەی ناڕەزاییانە ڕەخنەیان لەم کردەوەی ئەمریکا گرت. خەڵک لە چەن شارێکی فەرەنسا و ئیسپانیایش ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەم ئۆپەراسیۆنەیان بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی کاراکاس وەسف کرد. خۆپیشاندەران لە پاریس دژی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەم دروشمەیان بەرز کردەوە: "دۆناڵد ترەمپ! گۆڕت گوم کە؛ کاراکاس هی تۆ نییە". خەڵکی مەکزیکیش بە فڕێدانی هێلکە بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناڕەزایەتی خۆیان لەو بڕیارەی ترەمپ دەربڕی. خۆپیشاندەرانی وڵاتانی جۆربەجۆر داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کاردانەوەیەکی کارتێکەریان هەبێ بەرامبەر بەو کارەی ئەمریکا بۆ ئەوەی پێش بگیردرێ بە تێکچوونی نەزمی نێودەوڵەتی.