ڕەخنە لە دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ڤەنزوێلا لە ئەمریکادا
دەستدرێژییە سەربازییەکەی حکومەتی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆک کۆماری یاسایی ئەم وڵاتە، کاردانەوەی نەرێنی و ڕەخنەی زۆری لە نێو وڵاتی ئەمریکادا بەدواوە بووە.
تەلەفزیۆنی ئەمریکایی سی ئێن ئێن، دەستدرێژی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلای بە نیشانەی بێ سنووربوونی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا زانی.
بێکا بالێنت ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا: منیش وەک زۆربەی ئەمریکییەکان تووڕەم. ئەم کارە سەربازییە بە هیچ شێوەیەک یاسایی نەبووە و پێویستیش نەبووە و هیچ پاساوێکی یاساییشی نییە.
بێرنی سەندەرزیش لە تۆڕی ئێکسدا نووسیویەتی: پرێزیدێنت ترەمپ بە پێی یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە. لەکاتێکدا ٦٠%ی ئەمریکییەکان بە مووچەیەکی مەمرە و مەژی ژیان دەبەنە سەر، پێویستە ترەمپ تەرکیز بکاتە سەر قەیرانە ناوخۆییەکان و کۆتایی بێنە بەم لەشکەرکێشییە نایاساییانەی.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای چەند کاتژمێرێک لەم پەلامارە سەربازییەی کردییە سەر پایتەختی ڤەنزوێلا و سەرۆکی ئەم وڵاتەی ڕفاند، ئیدیعاکەی پێشووی خۆی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری دووبارە کردەوە و ئەمجارەیان ڕاشکاوانەتر لە جاران پەردەی هەڵدایەوە لە سەر ئامانجی سەرەکیی خۆی لە پەلامارە سەربازییەکەی دژی ڤەنزوێلا.
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: بڕیارە پارەیەکی زۆر بەدەست بهێنین. ئێمە بڕیارە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت ببەینە ڤەنزوێلا بۆ ئەوەی ژێرخانی نەوتی ئەم وڵاتە بنیات بنێنەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پارەی لێ پەیدا بکەین.
دەستبەجێ نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا دەقێکی ٢٥ لاپەڕەیی وەک سزاخواست بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ و وەکوو پێشەکییەک بۆ دادگاییکردنی دەرکرد، بابەتێک کە ئەلێکساندێریا کۆرتێز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە دادگاییکردنێکی فۆرماڵیتەی ناوی دەبات بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕاستینەکان.
ئەلێکساندێریا کۆرتێز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا: مەسەلە ماددەی هۆشبەر نییە. ئەگەر وابوایە، ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا لە یەکێک لە گەورەترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەری جیهان خۆش نەدەبوو. مەسەلەکە نەوت و گۆڕینی ڕژێمە و ئێستا ئەوان پێویستیان بە دادگاییکردنە بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە وا نییە، بەتایبەت بۆ ئەوەی تەرکیی بیروڕای گشتی لە سەر دۆسییەکەی ئەپستەین و هەڵکشانی تۆقێنەری خەرج و بەرجی دەرمان و تەندروستی لادەن.
زاڵبوونی تەواو بەسەر کیشوەری ئەمریکادا بابەتێک بوو کە ترەمپ ئەمجارە بە ئاشکرا باسی کرد و ئیدیعای کرد کە ئەوە مافی ئەمریکایە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەروەها هەڕەشەی لە کۆڵۆمبیا، کوبا و مەکزیکیش کرد کە هەر وەک ڤەنزوێلا، پەلاماری سەربازییان دەدات.