نیگەرانیی زۆربەی ئەمریکاییەکان لەدواهاتە ئابوورییەکانی دەسدرێژی کردنە سەر ئێران
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i445874-نیگەرانیی_زۆربەی_ئەمریکاییەکان_لەدواهاتە_ئابوورییەکانی_دەسدرێژی_کردنە_سەر_ئێران
ئەنجامی ڕاپرسییەک لە ئەمریکا دەریدەخات کە زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە نیگەرانن لە لێکەوتە ئابوورییەکان و خەرج و بەرجی شەڕی دژ بە ئێران و پێیان وایە ئەم شەڕە شایانی ئەوە نییە خەرجێکی وەها قورس بسەپێنێتە سەر خەڵکی ئەمریکا.
(last modified 2026-08-09T15:34:15+00:00 )
ئاب 09, 2026 18:22 Asia/Tehran
  • نیگەرانیی زۆربەی ئەمریکاییەکان لەدواهاتە ئابوورییەکانی دەسدرێژی کردنە سەر ئێران

ئەنجامی ڕاپرسییەک لە ئەمریکا دەریدەخات کە زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە نیگەرانن لە لێکەوتە ئابوورییەکان و خەرج و بەرجی شەڕی دژ بە ئێران و پێیان وایە ئەم شەڕە شایانی ئەوە نییە خەرجێکی وەها قورس بسەپێنێتە سەر خەڵکی ئەمریکا.

بەگوێرەی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی کە لەلایەن پەیمانگای ئیپسۆس و ڕێکخراوی ڕاپرسیی کۆلیژی یاسای زانکۆی مارکێتی ئەمریکا ئەنجامدراوە و ماڵپەڕی چینیی  "سی جی تی ئێن" بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٧٥%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە شەڕ لەگەڵ ئێران خەرجێکی یەکجار قورسی بۆ ئەمریکا و خەڵکەکەی دەبێت و ئەوەی ناهێنێتەوە کە ئەم خەرجەی بۆ بکرێ.  هەروەها نیوەی بەشداربووان پێیان وایە کە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لانیکەم لە ساڵی داهاتوودا  سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات و ناوچەکە بەرەو بشێوی و نائارامیی زیاتر پاڵ پێوە دەنێت، لە کاتێکدا تەنها لەسەدا ١٧ی خەڵکی ئەمریکا پێیان وایە ئەم شەڕە دەتوانێت سەقامگیری بۆ ناوچەکە دابین بکات. لە لایەکی دیکەوە ٥٨%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە لە ئەنجامی شەڕەکەدا نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە. دەرئەنجامی ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات کە خەڵکی ئەمریکا لەم بارودۆخەی ئێستادا زیاتر لەوەی نیگەرانی شەڕی لەگەڵ ئێران بن، نیگەرانی خەرج و بەرجی قورسی ژیان و  ئەو هەڵاوسانەن کە ئابوورییەکەیانی لاواز کردووە؛ تا ڕادەیەک کە ٥٦%یان خەرج و بەرجی ژیان و هەڵاوسان بە گرنگترین یان دووەم گرنگترین کێشەی وڵاتەکەیان دەزانن، لەکاتێکدا تەنها ١٠%ی خەڵکی ئەمریکا شەڕی ئێرانیان وەک گرنگترین پرسی هەنووکەیی ئەمریکا ناوبردووە. ئەم ئامارە ئەوە دەردەخات کە  بیروڕای گشتیی ئەمریکا زیاتر نیگەرانی دواهاتە ئابوورییەکانی شەڕ و زیادبوونی تێچووی ژیان و هەڵکشانی خەرج و بەرجی ڕۆژانەی خۆیانە.