حوزه‌یران 26, 2020 20:53 Asia/Tehran
  • عێراق پێشێلکرانی سنوورە ئاسمانییەکانی لە لایەن تورکیای ئیدانە کرد

نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق بەردەوامیی ھێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری ئەو وڵاتەی ئیدانە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی «واع» نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەردەوامیی ھێرشە سەربازییەکانی تورکیای  لە باکووری ئەو وڵاتە بە پێشێلکرانی ئاشکرای بنەمای دراوسێتی و بە دژی پرۆتۆکۆل و جاڕنامە نێونەتەوەییەکان زانی.

لە بەیاننامەکەدا لە سەر پێویستیی چارەسەرکرانی گرفتی سنووری و دۆسیە ئاسایشتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە ڕێگای ھاوکاری و ڕێکخستنەوە پێداگری کراوە.

تورکیا لە درێژەی شاڵاوەکانی حەوتەی ڕابردوو بۆ سەر باکووری عێراق شەوی ھەینیش لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی دیکەدا وێڕای پێشێلکردنی دووبارەی سەروەریی عێراق ھێرشی کردەسەر چەند گوندێکی پارێزگای سلێمانی بە تایبەت شاری گەشتکاریی «کونەماسی» کە لە ئەنجام دا کۆمەڵێک لە شارومەندان کوژران و یان بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە ماوە ڕۆژانی ڕابردوو چەند جارێک «فاتح ییڵدیز»باڵوێزی تورکیا لە بەغدای بانگ کردووە.

لێزنەی ئاسایشت و بەرەڤانیی پەرلەمانی عێراقیش چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق سکاڵای بردووەتە لای ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان.

سەرپەیڤ