ئه‌یلوول 19, 2020 21:08 Asia/Tehran
  • بەشدار یکردنی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق لە کۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی توندی وتیژی دژی ژنان

سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق به‌شدارییان له‌ کۆنگره‌ی 12ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان کرد و هه‌ریه‌که‌یان لێدوانی خۆیاندا.

بە پێی هەواڵێکی میدیای " وێستگە نیوز " ، ئەمڕۆ شەممە 19ی ئەیلولی 2020، هەریەک لە د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان بەشدارییان لە کۆنگرەی 12 بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد.لە وتاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دا، د.بەرهەم ساڵح بانگهێشتی خۆی دوپاتکرده‌وه‌ بۆ په‌سه‌ندکردنی یاسای تایبه‌ت به‌ کچه‌ کورده‌ ئێزدییه‌کانی رزگاربوی ده‌ستی داعش که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی کۆماره‌وه‌ ئاراسته‌ کراوه‌.

سه‌رۆک کۆماری عیراق رایگه‌یاند که‌ چاکسازییه‌کان پێویستی به‌ که‌شێکی سیاسیی گونجاوه‌ و ده‌بێت ئیراده‌یه‌کی جدی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ پاک و بێگه‌رد و دوور له‌ زه‌بری چه‌ک بێت.

له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییش، د.به‌رهه‌م رایگه‌یاند که‌ نابێت چاوپۆشی له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵکاران ئه‌وانه‌ بکرێت که‌ له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م بنیادنانی ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واو.

هه‌ر له‌ کۆنگره‌که‌دا، مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق داوای له‌ سه‌رۆک کۆمار و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عیراق کرد په‌له‌ بکه‌ن له‌ ته‌واوکردن و په‌سه‌ندکردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان.

کازمی وتیشی "مایه‌ی شانازیه‌ که‌ له‌پێگه‌ی ئه‌وه‌دا بین دادپه‌روه‌ری بۆ ژنان به‌دی بهێنین، کاریش له‌سه‌ر چالاککردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان ده‌که‌ین و ئه‌نجومه‌نه‌که‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بێتـ، ئاشکراشیکرد که‌ حکومه‌ت یاسای توندوتیژیی خێزانی پێشکه‌ش کردوه‌ به‌ڵام هێشتا یاساکه‌ له‌ناو بێنه‌ و به‌رده‌ و کێشمه‌کێشمدایه‌.

هه‌ر له‌ کۆنگره‌که‌دا، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند که‌ ده‌بێت هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتیدا بن بۆ ته‌واوکردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان و "ده‌ستمان له‌ ده‌ستی حکومه‌تدایه‌ بۆ سازکردنی هه‌ڵبژارنێکی پاک و بێگه‌رد".

 

سەرپەیڤ