سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە
سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەیەکدا دۆخی ئێستای وڵات، پڕۆژەیاسای بودجە و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندنی کردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: شەوی دووشەممە «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە «مستەفا کازمی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردو هەردووک لا باسیان لە دۆخی ئێستا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانە کرد کە روبەڕوی وڵات بوونەتەوە.
وەک باسیشی کراوە، بە ھەردووکیانەوە گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش کردو پشتیوانیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ لێژنەی هەڵبژاردنەکان بەئامانجی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، لەو پێناوەشدا پەرلەمان سەرجەم ئامادەکارییەکانی پەیوەست بەو بابەتە تەواو دەکات لەوانەش یاسای دادگای فیدڕاڵی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەدیدارەکەدا باس لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١یش کراو لەسەر بەردەوامی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و کارگێڕیش بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێداگری کرا.