شوبات 05, 2021 07:33 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی حەشارگەکانی داعشی لە پارێزگای دیالەی عێراق بوردومان کرد

ڕێکخراوەی حەشدی شەعبیی عێراق شەوی ھەینی حەشارگەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای «دیالە»ی ڕۆژھەڵاتی عێراقی دایەبەر موشەک.

کەناڵی ھەواڵیی «سابرین»ی عێراق ڕایگەیاند: یەکەی موشەکیی تیپی یەکەمی «حەشدی شەعبی» ناسراو بە «بەدرۆلسەواتیر» حەشارگەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەی «نەفت خانە» لە پارێزگای دیالە دایە بەر ھەڵمەت و پەلامار.

بە پێی ڕاگەیاندنی ئەم کەناڵە ھەواڵییە، لەم ھەڵمەتە موشەکییەدا چەندین تیرۆریستی داعشی لەنێو چوون.

ھاوکات، ھێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆژی پێنج شەممەش توانییان سەرکردەیەکی داعش لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق لەنێو بەرن.

سەرباری شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ھێشتاش کۆمەڵێک لەئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە  بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ڕوویان لە کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە کردووە.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. دوابەدوای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لە ئێران کرد ھەتا لە خەباتی دژی تیرۆریزم یارمەتیی بەغدا بدات.   

هێزەکانی عێراق بە یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ١٧ی نوامبەری ٢٠١٧ توانییان شاری «ڕاوە» لە پارێزگای ئەنبار وەکو دوایین پێکەی داعش لە عێراق ڕزگار بکەن. بە ڕزگار کرانی ئەم شارە بە کردەوە کاری داعش لە عێڕاق دا تەواو بوو. 

حەشدی شەعبیی داگری تاقمە جۆربەجۆرەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا دوای ئەوەی کە تاقمی تیرۆریستی داعش بڕێک لە ناوچەو شارەکانی عێراقی داگیر کرد بە پێی فەتوای «ئایەتوڵڵا سەییدعەلی سیستانی» مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق و هاوکات لەگەڵ کەوتنی شاری موسڵ لە دەهەمی ژوئەنی ساڵی ٢٠١٤ دا پێکھات و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراق برایە ژێر دەستەڵاتی سەرکردایەتی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی ئەم وڵاتەوە.

 

سەرپەیڤ