May 18, 2021 17:13 Asia/Tehran
  • به‌رهه‌م ساڵح: پێویسته‌ کاری جددی بکرێت بۆ کۆتاییهێنان به‌ نه‌هامه‌تیه‌کان و پاراستنی مافی گه‌لی فه‌له‌ستین

سه‌رۆک کۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌میانی پێشوازی کردنی له‌ باڵیۆزی فەلەستین رایگه‌یاند، هه‌ڵوێستی عێراق بۆ پاڵپشتیکردن له‌ دۆزی فه‌له‌ستین نه‌گۆڕه‌ و پێویستیشه‌ ھەوڵی بەبڕشتانە بدرێت بۆ کۆتایی هێنان به‌ نه‌هامه‌تیه‌کان و پاراستنی گه‌لی فه‌له‌ستین.

 به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆماری عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد لە«ئه‌حمه‌د عه‌قل»، باڵیۆزی فه‌له‌ستین له‌ عێراق و له‌ میانەی دا گفتوگۆکرا لەباره‌ی پێشهاته‌کانی دۆخی قودس و فه‌له‌ستین و ئه‌و پێشێلکاری و ده‌ستدرێژییه‌ نامرۆڤانه‌یەی که‌ گه‌لی فه‌له‌ستین روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌ له‌ شاری قودس و که‌رتی غه‌زه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندین ھاوڵاتی سڤیل بونه‌ته‌ قوربانی، هه‌روه‌ها دوپاتکرایه‌وه‌ له‌ راگرتنی ئه‌و کارانه‌ی کە دژ به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی پشتیوانیکردن له‌ دۆزی فه‌له‌ستین و پاڵپشتیکردنی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ھێنانه‌دیی داواکاری و مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی فه‌له‌ستین.

به‌رهه‌م ساڵح راشیگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی و کاری جددی له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ و نێوده‌وڵه‌تی بکرێت بۆ کۆتاییهێنان به‌ نه‌هامه‌تییه‌کان و پاراستنی مافی گه‌لی فه‌له‌ستین و رێگریکردن له‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ «ئه‌حمه‌د عه‌قل» باڵیۆزی فەلەستین لە عێراقیش، سوپاس و رێزی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق کرد، ھه‌روه‌ھا به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی و سیاسی گه‌لی عێراق کرد بۆ پاڵپشتیکردن له‌ گه‌لی فه‌له‌ستین و پشتیوانیکردن له‌ مافه‌کانی گه‌لی فه‌له‌ستین و دۆزه‌ ره‌واکه‌ی، ھاوکات پابه‌ندبونی عێراقی بۆ ھێنانه‌دی ته‌واوی مافه‌ ره‌واکانی و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی روبه‌ڕوی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌بێته‌وه‌ به‌رزنرخاند.

سەرپەیڤ