بە بەشداری سەرۆکی عێراق، کۆنگرەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەغدا دەستیپێکرد
ئەمڕۆ شەممە بەبەشداری بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق ، سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی، چوارەمین کۆنگرەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەغدا دەستی بەکارەکانی کرد.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی و سەرپەرشتیاری دیدارەکە لەوتارێکدا رایگەیاند، دەبێت قۆناغی توندوتیژی لەکۆمەڵگەی عێراقیدا کۆتایی پێبێت و هەموان پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی کلتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گرنگترین هەڵبژاردن دەبێت لەماوەی 20 ساڵی رابردودا، بۆیە باوەڕیانوایە بایکۆتکردن و گرنگی نەدان بە هەڵبژاردنەکە پاشەکشەیە بەرامبەر ئەرکێکی نیشتیمانی.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەوەشی خستەڕو، سەرجەم لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشەکان پێویستییان بە بنەمای گفتوگۆ و پابەندبوون بە یاساوە هەیە.