ئاب 22, 2021 04:36 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق: پێویسته‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌ ھاوبه‌شه‌کان ببنه‌وه‌

«به‌رھه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختی له‌گرینگیایەتیی چڕکردنه‌وه‌ی ھه‌وڵه‌کان کردەوە بۆ کۆتایی ھێنان به‌ قه‌یران و که‌مکردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کان به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌و ڕایگەیاند: پێویسته‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌ ھاوبه‌شه‌کان ببنه‌وه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق، «به‌رھه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیی کرد له‌ «تۆشیمیتسو مۆتیگی»، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و به‌گرنگییه‌وه‌ باسی چه‌ند پرسێکی ناوچه‌که‌ و نێوده‌وڵه‌تیی جێی بایه‌خی ھه‌ردولا کرا.

له‌و دیداره‌دا گفتوگۆکرا، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ مێژویی و دۆستانه‌کانی نێوان هه‌ردو وڵات و، جه‌ختیش کرایه‌وه‌ له‌گرنگی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌بواره‌ جۆراوجۆره‌کان، به‌تایبه‌تی له‌ روی ئابوری و بازرگانی و پیشه‌سازی و رۆڵی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ژاپۆن له‌ دوباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراق و گواستنه‌وه‌ی شاره‌زایی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ عێراق و ھه‌روه‌ھا پشتیوانیی ژاپۆن بۆ عێراق به‌رزنرخێندرا.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، سه‌رۆک کۆماری عێراق دوپاتی کرده‌وه‌ له‌گرنگی چڕکردنه‌وه‌ی ھه‌وڵه‌کان له‌ رێگای دیالۆگی جددی و کارا بۆ کۆتایی ھێنان به‌ قه‌یرانه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کان به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ وه‌ک به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره‌ی ھه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیی ھاوبه‌ش.

ھاوکات جه‌ختیشی کرده‌وه‌، له‌ پێویستیی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌ ھاوبه‌شه‌کان، به‌تایبه‌تی ریشه‌کێشکردنی تیرۆر و توندره‌وی و گه‌نده‌ڵیی ئیداری و دارایی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌ ته‌ندروستییه‌کان و گۆرانکاریی که‌شوھه‌وا و پاراستنی ژینگه‌.

سەرپەیڤ