تشرینی یه‌که‌م 18, 2021 14:55 Asia/Tehran
  • سبەی دوایین مۆڵەتە بۆ ناڕەزایەتی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی سێشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی تانەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێشکەش بکەن و لەماوەی سێ هەفتەشدا وەڵامی سەرجەم تانەکان دەدەنەوە.

عیماد جەمیل، ئەندامی دەستەی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سبەی ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە بۆ تانەی لایەنەکان دیاریکرابوو سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان، دواتریش لەماوەی یەک هەفتەدا وردبینی و پێداچونەوە بە تانەکاندا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دواتریش لەماوەی 10 رۆژدا دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بە تانەکاندا دەچێتەوە، لەکۆتاییشدا ناوی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان رادەگەیەنرێت.

ئەندامەکەی دەستەی راگەیاندنی کۆمسیۆن وتی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە پەسەند دەکرێت و دواتریش بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرزدەکرێتەوە.

سەرپەیڤ