ئاب 03, 2022 15:39 Asia/Tehran
  • ھەشت ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژ کردنی ئێردییەکاندا تێ پەڕی

ئەمڕۆ یادی هەشت ساڵەی داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدکردنی ئێزدییەکانە لە لایەن تاقمی تیرۆریستی داعشەوە.

ڕۆژی 3ی ئابی 2014 ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێرشی کردە سەر شەنگال و ‏کۆمەڵگەی ئێزدی، شارەکە داگیرکرا و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی ناچار بە ‏هەڵاتن و چوونە سەر چیای شەنگال کران، ژمارەیەکی زۆریشیان بە دیل گیران و یان بێ سەروشوێن بوون.‏

لەگەڵ دەست گرتن بە سەر ئەم شارەدا تاقمی تیرۆریستی داعش  خێرا دەستی کرد بە کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ‏تەنها لە دوو ڕۆژی یەکەمی هێرشەکەدا نزیکەی 1900 ئێزدی کوژران و گیانیان ‏لەدەست دا.‏

دوایین ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی لایەنە فەرمییەکان وا دەر دەخەن کە، لەو داگیرکاری و ‏ژینۆسایدکردنەی ئێزدییەکاندا، ئەوەی تا ئێستا تۆمارکراوە پێنج هەزار کەس گیانیان ‏لەدەست دا، زیاتر لە 400 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون، بەشێوەیەک کە نزیکەی 325 هەزار ‏ئێزدی لە ناوخۆی هەرێمدا ئاوارەن، هەروەها نزیکەی 100 هەزار ئێزدی لە دەرەوەی ‏وڵات پەنابەر و ئاوارەن.‏

لەو ژینۆساید و هەوڵی سڕینەوەیەدا، شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی ئێزدی وەک ‏کۆیلە و کەنیز لەلایەن داعشەوە گیران و بە گشتی نزیکەی 6400 کوردی ئێزدی ڕفێندران کە تا ئێستا دوو هەزار و 717 کەسیان ‏بێسەروشوێنن ، هەروەها تائێستا ژمارەی ئەو ڕفێندراو و بەدیلگیراوانەی ئازادکراون بەمجۆرەن، ‏دوو هەزار و هەشت منداڵ، هەزار و 207 ژن و 339 پیاو ئازادکراون. ‏

بەهۆی ڕووداوەکەوە، هەزار و 759 منداڵ بێ باوک، 407 منداڵ بێ دایک و 359 ‏منداڵ بێ دایک و باوک بوون، هەروەها تا ئێستا ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال کە ‏دۆزراونەتەوە 82 گۆڕی بەکۆمەڵن.‏

سەرپەیڤ