ئاب 30, 2022 02:17 Asia/Tehran
  • میسر و جه‌زائیر پەرۆشی ڕەوشتی ئاڵۆزی عێراقن

دوو وڵاتی عەرەبیی میسر و جه‌زائیر داوا له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان ده‌که‌ن به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکییه‌کانیان بکه‌ن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «عه‌بدولفه‌تاح سیسی» سه‌رۆک کۆماری میسر له‌ دوو په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی جیاجیادا له‌گه‌ڵ «به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق و «مسته‌فا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی ئەم وڵاتە، پەرۆشیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسیی عێراق راگه‌یاند و پشتیوانیی وڵاته‌که‌شی بۆ ئاسایشت و سه‌قامگیریی عێراق و پاراستنی گه‌له‌که‌ی دووپات کرده‌وه‌.

سه‌رۆک کۆماری میسر ھەروەھا داوای لە لایه‌نه‌ عێراقییه‌کانیش کردووە کە ده‌ست به‌ گفتوگۆ بکه‌ن بۆ گه‌ییشتن به‌ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی و به‌کارهێنانی چه‌ک بە مەبەستی یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانیان.

ئەمەو له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی جه‌زائیریش به‌یاننامه‌یه‌کی له‌باره‌ی دۆخی عێراقه‌وه‌ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و تیای دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێریی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ ده‌که‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا، جه‌زائیر داوای له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێاقییه‌کان کردووه‌، زمانی گفتوگۆ و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵاته‌که‌یان به‌سه‌ر هه‌موو ناکۆکییه‌کان سه‌ربخه‌ن بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و گیانی هاووڵاتیان.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ دووشەممە دوابە دوای راگەیاندنەکەی «موقتەدا سەدر» لە مەڕ وازھێنانی لە چالاکیی سیاسی، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دوای چەند کاژێرێک، ھێزەکانی ئاسایشت کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنترۆڵ کردەوەو لایەنگرانی موقتەدا سەدریش پاشەکشە لە ناوچەی سەوزی بەغدایان دەست پێ کرد.

سەرپەیڤ