ئاب 31, 2022 11:06 Asia/Tehran
  • کازمی ھەڕەشە دەکات: ئاڵۆزی بەردەوام بێت واز لە پۆستەکەم دێنم

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: گرتنی لولەی تفەنگ لەڕوی عێراقییەکان رەت دەکەمەوەو ئەگەر ئاڵۆزی و گرژییەکانیش ھەروا بەردەوام بن، وەک هەنگاوێکی ئاکاری واز لە پۆستەکەم دێنم.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند: سوپاسی هێزەکانی ئاسایشت دەکەم کە نەبوون بەبەشێک لە گرژییەکانی چەند رۆژی رابردو و جارێکی دیکە لایەنگریی خۆیان بۆ نیشتیمان دوپات کردەوە، ئەوەش دوپاتکردنەوەی پرسی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتی کردووەتە پێویستییەکی ئەم قۆناغە کە حکومەت دو ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا کاری لەسەر کرد، بۆیە نابێت چیتر ئەو پرسە تەنها وەک دروشم و داوکاری بمێنێتەوە.

باسی لەوەشکرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی چەند رۆژی رابردوو و ھەروەھا رونکردنەوەی شوناسی ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە نابێت چیتر چەک لەدەستی لایەنە نافەرمییەکاندا بێت و لە ململانێکاندا بەکاربهێنرێت.

پەیوەست بە دۆخی سیاسیش «مستەفا کازمی» وتی: ئەرکی خۆی لەمەڕ ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتیمانی لەگەڵ لایەنەکان جێبەجێکردوە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە سازشی لایەنەکان لەگەڵ یەکتری ھەیە نەک بەردەوامیی گرژییەکان و پێکدادان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریشی دا لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئاڵۆزییەکان، گرژی، ململانێی و گوێنەگرتن لە ئاوەزمەندان بەردەوام بێت، منیش وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و ئاکاری دەستبەرداری  پۆستی سەرۆک وەزیران دەبم بەگوێرەی ماددەی ٨١ ـی دەستور.

سەرپەیڤ