کانونی دوھەم 16, 2023 06:16 Asia/Tehran
  • گەورەترین ھاوپەیمانیی سوننەکانی عێراق ڕووبەڕووی ھەڵوەشانەوە دەبێتەوە

هاوپەیمانیی سەروەری کە گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسیی سوننەکانی عێراقە لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی دابڕانی ئەندامەکانی و ھەڵوەشاندنەوەی یەکجاری دەبێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، ماوەی چەند ڕۆژێکە هاوپەیمانیی سەروەری کە گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسیی سوننەکانە لە پەرلەمانی عێراق و «خەمیس خەنجەر» سەرۆکایەتیی دەکات،  شەپۆلێکی دابڕانی پەرلەمانتاران بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژی ڕابردوو چوار پەرلەمانتاری سەربەم هاوپەیمانێتییە وازیان لەم لایەنە ھێنا.

چاودێرانی سیاسی ھۆکاری سست بوونی بناغەی ئەم لایەنە سیاسییەی سوننەکانی عێراق بۆ نەمانی ھانەی پێویست بۆ بەردەوامیی چالاکییەکانی ھاوپەیمانییەکە دەگەڕێننەوە.

لەم پەیوەندییەدا ماڵپەڕی بەغدا ئەلیەوم رایگەیاندووە، کشانەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی سەروەری لە ڕاستی دا سەرەتای کۆتایی هاتنی ئەو بەرەیەی سوننەکانە، چونکە ئەو بنەمایەی هاوپەیمانیی سەروەریی لەسەر دامەزرا بوو، بەرژەوەندیی حزبی و تاکەکەسی بوو بۆ بەدەست هێنانی ژمارەیەک پۆست، لە ئێستاش دا کە ئەو خواستەیان بەدی هاتووە ئیدی ھیچ پێویستییەک بۆ بەردەوام کردنی چالاکییەکانی شک نابەن.

وەک باسی دەکرێت لەماوەی رۆژانی داهاتووشدا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی هاوپەیمانیی سەروەری بکشێننەوە، بەتایبەت کە عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیک دەبێتەوە.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی ڕابردوو هەریەک لە «فەلاح زیدان» و «رەعد دەهلەکی» و دوو پەرلەمانتاری دیکەی «تەقەدوم» لە هاوپەیمانیی سەرورەیی سوننەکانی عێراق کشانەوە.

سەرپەیڤ