شوبات 19, 2023 14:48 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی «عەمار حەکیم» بەرامبەر بە هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سوریا

ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق، هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دیمەشق شەرمەزار کرد.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی ئیسرائیل سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوی جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئەم وڵاتەو و سنووری ئاسمانیی سوریایان بەزاند.

هاوکات لەگەڵ ھێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سەکۆیەکی ڕادار لە باکووری پارێزگای «ئەلسویدە»، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە باشووری دیمەشقیش کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا لانیکەم ٢٠ کەس شەھید و بریندار بوون.

«باسم مەنسور» بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوریاش ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لەو ھێرشانە پارێزراوە.

هەندێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە سەکۆی ڕاداری «تەل ئەلمەسیح»ی سوپای سوریا لە باشووری شاری «شەهبا» هەڵکەوتوو لە پارێزگای سنووری «ئەلسویدە» لەلایەن ڕژێمی زایۆنییەوە هێرشی کراوەتە سەر.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، «عەمار حەکیم» ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد:هێرشی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی وڵاتی دۆست و برای سووریا کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی زۆرێک لە خەڵکی سووریا بە توندی ئیدانەی دەکەین.

حەکیم جەختی لەوەش کردەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە پێویستی بە هەڵوێستێکی جددی کۆمەڵگە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە لە دژایەتیکردنی ئەم هێرشەی کە بە ئاشکرا دژی ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هێرشە مووشەکییەکەی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لە کاتێکدایە کە حکومەتی سوریا بە هۆی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە سەرقاڵی ڕاگەییشتن بە ناوچە بوومەلەرزە لێکەوتووەکان و لێقەوماوانی ئەم کارەساتە سروشتییەیە.

سەرپەیڤ