کەسایەتییە عێراقییەکان بە توندی بەرپەرچی قسەکانی ئەردۆغان دەدەنەوە
شیعەكان لە عێراق بەتووندی دژی لێدوانەكانی ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەبارەی كەركووكەوە هاتنە دەنگ و هەڕەشەی دەركردنی هێزەكانی توركیا لە عێراق دەكەن.
لەوبارەیەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند: كەركوك عێراقییە و توركمانیش عێراقین، بۆ هیچ دەوڵەتێك نییە دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراق بكات.
هاوكات شێخ محەمەد تەمیمی، ئەمینداری گشتی فەیلەقی وەعد سادق، یەكێك لە پێكهاتە شیعەكانی عێراق ڕایگەیاند “بەتووندی وتەکانی ئەردۆغان دەربارەی كەركووك رەت دەكەنەوە، كەركووك عێراقییە، عەرەبییە، كوردییە، توركمانییە، بۆیە رێگا بەهیچ دەوڵەتێك نادەن دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی عێراق بكات”.
دەشڵێت “كەركووك وەك سونبولی هەموو نەتەوە و مەزهەبەكانی پارێزگاكە دەمێنێتەوە بە برایەتی و خۆشەویستی و ئاشتی”.
هەروەها ئەو سەركردە شیعییە داوا لە حكومەتی عێراق دەكات هێزەكانی توركیای داگیرکەر لەعێراق دەربكات .
ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لەكاتی گەڕانەوەی لە رووسیا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوەكرد “هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی میت، لە نزیكەوە دۆخی كەركووك تاوتوێ دەكەن و بە هاكان فیدان و ئیبراهیم كاڵنی سەرۆكی میتم گوتووە لە نزیكەوە تاوتوێی دۆخی كەركووك بكەن و پەیوەندییان بە بارزانی و سوودانیشەوە كردووە .
راشیگەیاند: نابێت ئاشتی و ئارامی كەركووك تێكبچێت و ئەو جموجۆڵانەی دەبنە هۆی تێكچوونی رەوشی كەركووك رابگیرێن. كەركووكی نیشتمانی توركمانەكانە، جواگرافیایەكە كە سەدان ساڵە تێیدا كولتووری جۆراوجۆر بە ئاشتییانە دەژین، ئێمە رێگە نادەین ئارامی و یەكبوونی ئەم جواگرافیایە تێكبچێت.