ئه‌یلوول 06, 2023 20:14 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە دەنێرێتە كەركووك

سەڵاح زەینی تەمیمی، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانی پارێزگای كەركووك، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەكەیان بۆ ئاگاداربوون لە وردەكاری ڕووداوەكانی ئەم دواییە سەردانی كەركووك بكات.

سەڵاح زەینی تەمیمی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی لیژنەكەیان بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی كەركووك بۆ میدیا ناوخۆییەكانی قسەی کرد.

سەڵاح زەینی تەمیمی ڕایگەیاند، كێشەكانی ئەم دواییانەی كەركووك جێگەی نیگەرانییە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ لە نزیكەوە بەدواداچوون كردن بۆ ڕووداوەكان سەردانی پارێزگای كەركووك دەكات، هەروەها لیژنەكەیان لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكانی شاری كەركوك كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر دوایین پێشهاتەكان وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش كرد، لەلایەن لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق میكانیزمێك هەیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و ڕێگری كردنی لە دووبارە بوونەوەی خۆپیشاندانەكان، ئەمەش هەنگاوێكە بە ئاڕاستەیەكی درووست، هیوادارین لە زووترین كاتدا پەسەند بكرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، عەرەب و توركمان لە كەركووك دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بە پەدەكە مانگرتنیان لە بەردەم بارەگاكە ئەنجامدا، دواتر بەشێك لە لایەنگرانی پەدەكە دژی داخستنی ڕێگاكان لەلایەن عەرەب و توركمانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەپاشان گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەرانی كورد و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو، كە بەهۆیەوە چوار هاوڵاتیی كەرکوک گیانیان لەدەس دا و چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.

 

 

 

سەرپەیڤ