با نەهێڵین دونیای مەجازی و ئینتەرنێت، دونیای ڕاستەقینەمان لێ بستێنێ
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستی بەرزی دەکارهێنانی لە کردەوەدا ئەم مێدیا مەجازییەی کردووە بە چەمکێکی تێکەڵ لەگەڵ ژیانی بنەماڵەکان . خێرایی گواستنەوەی زانیارییەکان و ئاگادار کردنەوەی مرۆڤەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مۆبایل و راگەینەرە گشتییەکان ژیانی ئاسایی تووشی گۆڕان کردووە، بە واتایێکی دیکە ئەتوانین بڵێین گەیشتنی زانیاری بە بنەماڵەکان ڕاستەوخۆ و ئانلاینە.
ئەگەرچی ئێستاکە بوون و کەڵک وەرگرتن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان تەنانەت بۆ کەسانی تەمەن خوار و منداڵانیش حاشا هەڵنەگرە و لەهەمان حاڵیشدا ئەتوانێ یارمەتیدەریش بێ بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بەرینەوە کە ئەتوانێ زەرەر و زیانێکی لە قەرەبوو نەهاتووشی بەدواوە بێ بۆ گرینگترین یەکەی کۆمەڵگا واتە بنەماڵە. جاروبار کاتێ بنەماڵە لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و سەرقاڵی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانن، وەها بێدەنگییەک بەسەر کەشەکەدا زاڵ دەبێ کە ڕەنگە پێکەنینی یەکێک لە منداڵەکان بە کلیپێکی نێو تۆڕە کۆمەلایەتییەکان ببێتە هۆی تێک شکانی ئەو کەشە کپ و بێدەنگە.
ئەمە وای کردووە کە بنەماڵەکان سەرباری لێک نزیک بوون و لە یەک خانوودا ژیان، مەودا و جیایێکی زۆر لە باری پەیوەندییەوە لە نێوانیاندا وەدیبێت. بە چەشنێک کە ئەندامانی بنەماڵە ئیدی وتووێژ و ڕاوێژێکی خۆمانەیان لەگەڵ یەکتر نامێنێت.
لە ڕاستیدا وەدیهاتنی جیایی و مەودا ی سۆزدارانە و مەعنەوی لە پەیوەندییەکاندا، زەبرێکی جیددی وەشاندووە لە بناغە و کۆڵەکەی ژیانی بنەماڵەکان. کارناسان هۆکاری زۆرێک لە تووندوتیژییەکانی نێو بنەماڵە بە نەبوونی پەیوەندی ئەوتۆ و وتووێژ و ڕاوێژی خۆمانە دەزانن لە نێوان ئەندامانی خێزاندا. بۆیە وێدەچێ هەوڵدان لە پێناو دابەزاندنی ئاستی هەڕەشە و مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی تەندرووستی و پاوەجێی بنەماڵە، بابەتێکی پێویست و حاشا هەڵنەگرە. لەوانەیە بە بێ پلان داڕشتنێکی درووست ئیدی دایک و باوکان و منداڵان کەمتر لەو شوێنانە وا دەبێ پەیوەندیێکی فیزیکی و ڕاستەقینەیان لەگەڵ یەکتر هەبێ، بیرەوەریێکی هاوبەشیان بۆ ساز بێت.
وتووێژی راستەوخۆ و بەرامبەر، یەکێکە لە گرینگترین و کاریگەرترین شێوازەکانی بردنە سەری ئاستی سۆز و خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەدا. خۆشەویستییەک کە لەوانەیە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بیخەنە مەترسییەوە و وەکوو خۆشەویستییەکی مەجازی و ساختەی لێ بکەن.