حوزه‌یران 14, 2020 18:49 Asia/Tehran
  • محەمەد عەلی کەشاوەرز ئەکتەری ناسراوی ئێران کۆچی دوایی کرد

مامۆستا محەمەد عەلی کەشاوەرز ھونەرمەندی بە نێوبانگی سینەما و شانۆ و تەلەفزیۆنی ئێران رۆژی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2020 لە تەمەنی 90 ساڵیدا دوای ماوەیەک نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد .

مەحەمەد عەلی کەشاوەرز یەکێک لە چەند ئەکتەری گەورەی ناودار و نەوەی یەکەمی شانۆی ئێران و چالاک لە بوارەکانی دیکەی وەک سینەما و تەلەفزیۆن ساڵی 1309 ی ھەتاوی  ( 1930) لە ئیسفەھان ھاتە سەر دونیا .ئەو ، مناڵی دوھەمی بنەماڵەی کەشاوەرزە و بە رەچەڵەک گورجیە کە لە سەردەمی  شاعەباسدا  ماڵباتەکەی ھاتوونە ئێران  و بوونە موسڵمان .

کەشاوەرز یەک جار ھاوسەرگیری کردووە لە ساڵی 1973  دا لە ھاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە و بەرھەمی ئەو ژیانە ھاوبەشە کچێکە بە ناوی نیلی کە لە وڵاتی بەلژیک دەژی و مامۆستای نیگارکێشیە .

محەمەد عەلی کەشاوەرز دەرچووی ھونەرستان( پەیمانگە) ی ئەکتەریی تاران و کۆلیژی ھونەرە دراماتیکیەکانە .یەکەم نواندنی ئەو دەورگێڕان لە تەلەتیاتری ( خۆکوژی) لە دەرھێنانی عەلی نەسیریان بووە لە ساڵی 1960.

کەشاوەرز لە گەڵ دەرھێنەرانی گەورەی وەک عەلی حاتەمی ، ئیبراھیم گوڵستان ، ڤالریۆ زۆرلینی ، بەھرام بەیزایی ، ناسر تەقوایی ، موحسین مەخمەلباف ،  داریوش مێھرجوویی و عەباس کیارۆستەمی کار یکردووە  و لە گەڵ ئەکتەرانی غەیرە ئێرانیی وەک ئانتۆنیۆ کویین و ماکس ڤۆن سیدۆ ڕۆڵی گێڕاوە .

دراما تەلەفزیۆنیەکان :

ساڵی 1968  چالاکی لە تەلەفزیۆن دەست  پێدەکات و دەرھێنانی ھونەریی چەند بەشێک لە زنجیرە درامای ماڵی قومری خانم دەگرێتە ئەستۆ . لە بەرھەمە نەمرەکانی ئەو دەتوانین ئاماژە بکەین بە زنجیرە دراماکانی : خاڵۆ گیان ناپلئۆن ، ئاگری بێ دوکەڵ ، ھەزار دەستان ، سەربەداران ، حەکایەتی شا و شوانەکە ، باوکسالار و گورگەکان .

فیلمە سینەماییەکان :

کەشاوەرز بۆ یەکەم جار ساڵی 1964 بە فیلمی قۆزی لە دەرھێنانی فەڕوخ غەفاری پێی نایە سینەما و لە ژیانیدا لە 47 فیلمی سینەماییدا رۆڵی بینی . لەوان : خشت و ئاوێنە ، کەمالولمولک ، پێڵاوەکانی میرزا نەورۆز ، رۆژی روداوەکە ، لە ژێر دار زەیتوونەکاندا ، دایک ، ناسرەدین شا ئەکتۆری سینەما و دوورگە .

کەشاوەرز لە فیلمی دایک بەرھەمی عەلی حاتەمی ، خەڵاتی سیمرغی بلوورینی باشترین ئەکتەری پیاوی بردەوە .

 

سەرپەیڤ