سنە و سلێمانی دەبنە دەستەخوشک
سەرۆکی شارەوانی سنە وتی: بە ئامانجی گەشەی پێوەندی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و گەشتیاری و بەپێی هاوبەشییەکانی دوو شاری سنە و سلێمانی، پێسنیاری دەستەخوشکیی ئەو دوو شارە پێشکەش ئەنجومەنی شار کرا و پەسەندیش کرا.
بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حیشمەتوڵڵا سەیدی ڕایگەیاند:لە یەکێک لە هەوڵە فەرهەنگییەکان بۆ تۆکمە کردن و پتەو کردنی هەرچی زیاتری پێوەندی دوو شاری سنە و سلێمانی پەیمانی دەستەخوشکی بەستراوە.
ناوبراو گوتیشی: دەستەخوشکیی شارەکان پێوەندی نێوان ئەو دوو شارەیە کە خاوەن هاوشێوەیی و هاوبەشەیی تایبەتن لە بواری زانستی، فەرهەنگی و مێژوویی.
سەیدی وتیشی: جگە لە هاوبەشیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو دوو شارە لە ساڵی 98 لە لایەن یۆنێسکۆوە چوونە ڕیزی شارە داھێنەرەکانی جیهانەوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بە ئامانجی گەشەی پێوەندییە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و گەشتیارییەکان و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی دوو لایەنە و بەڕێوە بردنی پڕۆژەی سەرمایەنانەوە، پێشنیاری دەستەخوشکیی سنە وەکوو شاری داھێنەری مۆسیقا و شاری سلێمانی وەکوو شاری داھێنەری بواری وێژە و ئەدەب پێشکەشی ئەنجومەنی شار کرا و پەسەندیش کرا.