ته‌مووز 23, 2021 17:37 Asia/Tehran
  • دەستپێکرانی ئاھەنگی ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ لە تۆکیۆی پێتەختی ژاپۆن

سی و دووھەمین خولی یارییه‌ وه‌رزشییه‌کانی ئۆڵمپیکی تۆکیۆ ٢٠٢٠ ئەمڕۆ ھەینی لە پێتەختی ژاپۆن دەستی پێکرا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٣ی ژولای ٢٠٢١، به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی سی و دووھەمین خولی یارییه‌ وه‌رزشییه‌کانی ئۆڵمپیکی تۆکیۆ ٢٠٢٠ کاتژمێر٣و ٣٠ خولەک بەکاتی ئێران و کاتژمێر ٨ بەکاتی خۆجێیی لە پایته‌ختی ژاپۆن ده‌ستی پێ کرد.

ئاهه‌نگی دەستپێکی ئۆلەمپیک، که‌ هه‌میشه‌ به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌کی زۆری تیپ و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌مجاره‌یان له‌ سه‌رده‌می تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، به‌ شێوه‌یه‌کی جیاواز و به‌ ژماره‌یه‌کی زۆری که‌می به‌شداربووان و به‌بێ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر ئه‌نجام درا.

له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا نزیکه‌ی ١٠٠٠ هه‌زار که‌س له‌ سه‌رۆک و که‌سایه‌تییه‌ جیهانییه‌کان ئاماده‌ن، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئیمپراتۆڕی ژاپۆن و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی فەره‌نسا ئیمانوێل ماکرۆن و ھاوسەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا «جیڵ بایدێن» و ھەروەھا سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئۆڵمپیک و چه‌ندین که‌سایه‌تیی تر.

ئاهه‌نگی دەستپێکی ئۆلەمپیک زیاتر به‌ شێوازێکی ته‌کنیکی و هونه‌ری و به‌ پشتبه‌ستن به‌ گرافیک و کرۆما و به‌ سیستمی سێ ره‌هه‌ندی "3D" به‌ شێوازێکی هونه‌ر و به‌ چه‌ند تیمێکی کلتوری و که‌له‌پوریی ژاپۆنی پێشکه‌ش کرا، که‌ گوزارشتیان له‌ کلتور و هونه‌ر و مێژوو، هه‌روه‌ها پێکهاته‌ی جیۆلۆجی و جڤاکیی ژاپۆن ده‌کرد.

دواتریش شاندی وڵاته‌ به‌شداربووه‌کان به‌ سه‌ره‌ هاتنه‌ نێو یاریگه‌ و ئامادە بوونی خۆیانیان ڕاگەیاند. کاروانی وەرزشیی ئێرانیش بە ناوی «ئەستێرەکانی سەرزەوینی ئێران» لەکاتێکدا کە «ھانیەی ڕوستەمیان» تیرھاوێژی تیپی نیشتیمانی و «سەمەد نیکخاە» سەریاری تیپی باسکە ئاڵاھەڵگری وڵاتەکەیان بوون لە ئاھەنگەکەدا بەشدارییان کرد. ئەمساڵ بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو ھیچ سەرۆک فیدراسیۆنێک ئامادەی پێکھاتەکەی تیپی ڕیزڕەوتی ئێران نەبوو.

سەرپەیڤ