ئه‌یلوول 13, 2021 08:03 Asia/Tehran
  • دەرهێنەری کوردستانی خەڵاتی گەورەی باشترین فیلمی ڤێنیزی بەدەست هێنا

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی "هەفتەی ڕخنەگران" و خه‌ڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واتا "فیپێڕشی" لە سی و شەشەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگران"ی "ڤێنیز" به‌ده‌ست هێنا.

 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێوڕه‌سمی کۆتایی بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگران" Critics' Week له حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice به ئاماده‌بوونی هەندێک لە ستافی سەرەکی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" له‌وانه، ئەرسەلان ئەمیری، ده‌رهێنه‌ر، خاتوو سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەری بەرهەمهێنانی ئه‌م فیلمه، ئایدا پەناهەندە یه‌کێک له سیناریۆنووسان، نەوید پورفەرەج، پوریا ڕەحیمی سام" و خاتوو هودا زەینوالعابدین ئه‌کته‌رانی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه، کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی دوێنێ هه‌ینی لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چوو.

 

ئه‌م فیلمه کوردییه‌ توانی به سه‌رکه‌وتوییه‌وه خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی "هەفتەی ڕخنەگران" و ‌هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" (فیپێڕشی) FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به‌ده‌ستبێنێت.

78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" Alberto Barbera بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 1 تا 11ی سێپتەمبەری 2021 لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چوو.

سەرپەیڤ