خانمە مامۆستایەکی کورد وەک یەکێک لە 10 مامۆستا باشەکانی جیهان دەستنیشان کرا
خانمە مامۆستایەکی کوردی پارێزگای کوردستان لەلایەن رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە یەکێک لە 10 مامۆستا باشەکانی جیهان، دەستنیشان کرا.
بە پێی ھەواڵێکی کوردپرێس ، سورەیا موتەهەرنیا جگە لە وانە گوتنەوە، بەردەوام هاوکاریی دەروونیی پێشکەشی قوتابییان کردووە، تاوەکو بتوانن لەکاتە سەختەکاندا لە خوێندن دانەبڕێن. هەروەها هاوکاریی منداڵانی نەخۆش و کەمئەندامی کردووە بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن.
یەکێک لە هۆکارەکانی دەستنیشان کردنی سورەیا موتەهەرنیا وەک باشترین 10 مامۆستای جیهان، بەردەوامبوونی کاری ئەو بووە وەک مامۆستای وانەبێژ لەو شوێنانەی کە لەڕووی خزمەتگوزاریی خوێندنەوە لە کەمترین ئاستدا بوون و ئەویش بە ورەیەکی بەرزەوە کاری کردووە بۆ زیاتر هاندانی قوتابییانی ناوچە هەژار و دوورەدەستەکان لە خوێندن و دانەبڕان لە پرۆسەی فێربوون.
سورەیا موتەهەرنیا، 26 ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتیی هەیە لە قوتابخانەکانی بیجاڕ و ماوەیەکی زۆر مامۆستای گوندی حەسەن تەیمووری ئەو شارە بووە.
رێکخراوی یونیسکۆ تایبەتە بە کاروباری پەروەردە، زانست و کولتوور و ساڵانە لیستی باشترین مامۆستاکان لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەکاتەوە، کە ئامانج لێی جێگیرکردنی ئاشتییە لە سەرانسەری جیهان لە رێگەی پەرەدان بە کەرتەکانی پەروەردە، زانست و کولتوور و پتەوکردنی پەیوەندیی گەلان.