کەناڵی سەحەر تەمەنی بوو بە ٢٦ ساڵ
ڕۆژی چوارشەممە ئاھەنگی بیست و شەشەمین ساڵگەڕی دەست پێ بووونی چالاکییەکانی کەناڵی ئاسمانیی سەحەری بەشی دەرەوەی سنووریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو.
کەناڵی جیهانیی سەحەر یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنیی بەشی دەرەوەی سنووری ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە ١٥ی نۆڤەمبەری ١٩٩٦ بە فەرمی دامەزرانی خۆی ڕاگەیاندو چالاکییەکانی چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی دەرەوەی سنووری یەکانگیر کردو شێوازێکی تازەی پێ بەخشین.
ئەم میدیا جیھانییە لە ئێستادا داگری پێنج کەناڵی کوردی، ئازەری، ئوردو، باڵکان و سەحەری ئەفغانستانە. لە نێو ئەم پێنج کەناڵەدا سیانیان کە بریتین لە کوردی و باڵکان و ئوردو ھاوتەریب لەگەڵ چالاکییە تەلەفزیۆنییەکانیان دا پێنج کەناڵی ڕادیۆییشیان ھەیە کە لە نێویاندا ڕادیۆ کوردی تاران بە تەمەنێکی پتر لە حەفتا ساڵەوە خاوەنی ئەزمون و مێژینەیەکی زیاترە.
کەناڵی جیهانیی سەحەر نەک هەر هەواڵ و بەرنامەی شیکاری و شرۆڤەی سیاسی بڵاو دەکاتەوە، بەڵکو لەبەرھەمھێنان و پەخشی بەرنامەگەلی جۆربەجۆری وەک بەڵگەفیلم،نومایش،ئەنیمەیشن و ھەمەڕەنگیش بە ھەوێن و ناوەڕۆکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەوە بۆ ھەموو تاقم و گروپە جۆربەجۆرەکان لە ھەر ئاستێکدا دەستێکی باڵای ھەیە.
لە ئێستادا ٢٦ ساڵ بە سەر تەمەنی میدیای جیھانیی سەحەردا تێ دەپەڕێ و بۆ ڕێزنان لە چالاکییەکانی، بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە ھۆڵێکی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاھەنگێک بۆ ئەم یادە بە بەشداریی تێکڕای بەڕێوەبەران و کارمەندانی ئەم میدیا جیھانییە لەوانە «ئیبراھیم عەلی بورزی» سەرۆکی تێکڕای کەناڵەکانی سەحەر، «داوود ئەسکەندەری» جێگری سەرۆکی سەحەر، «سیامەک کاکایی» ڕاوێژکاری سەرۆکی سەحەر، «ڕەزا دەروێش نووری» سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردی، «دکتۆر ھوشەنگ شێخی» بەڕێوەبەری بەشی سیاسی و ھەواڵەکانی کەناڵی سەحەری کوردی و ھەروەھا بەڕێوەبەرانی چوار کەناڵەکەی دیکەی سەحەرو ئامادەکاران و پێشکەشکاران و چالاکانی دیکەی ئەم میدیا جیھانییە بەرپا کرا.
لە میانەی ئەم ئاھەنگە شکۆمەندەدا بەوپەڕی شانازییەوە سێ کەس لە ھاوکارانی دڵسۆزو چالاکی کەناڵی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی کوردیش لە ڕیزی ئەو کەسانەدا بوون کە بە شێوەیەکی تایبەتی ڕێزیان لێ گیرا، لەوانە خاتوو «زەینەب مستەفایی» ئامادەکاری بە توانای بەشی ڕادیۆ، خاتوو «موژدە تاھیری» وەک ھەڵسوڕاوی دڵسۆزو ماندوویی نەناسی بەشی ئیداری و دیاری کردنی خشتەی بەرنامەکان، کاک «ئەسعەد خۆشگۆوار» وەک نمونەی پێشکەشکارێکی دیارو خاوەن ئەزمون، کە بەر ھەر سێکیانەوە بوون بە مایەی سەربەرزیی تێکڕای ھاوکارانیان لە بەشی کوردیی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێکی تری ئاھەنگەکەش دا بەڕێز «ئیبراھیم عەلی بورزی» سەرۆکی تێکڕای کەناڵە ئاسمانییەکانی سەحەر لە ئاھەنگی بیست و شەشەمین ساڵگەڕی دامەزران و دەست پێ بووونی چالاکییەکانی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر وتارێکی پێشکەش کردو تیای دا وێڕای ڕێزگرتن لە چالاکیی ھاوکارانی ئەم میدیا جیھانییە، ڕایگەیاند: ھەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی ھاوکارانی میدیای نیشتیمانی بەردەوام جێگای ڕێز بووەو ھەشە.
بەڕێزی جەختی لەوەش کردەوە کە،گەلێک خۆشحاڵم کە لە نێو هاوکارانی پلە یەک و ماندوویی نەناسی کەناڵی سەحەر و بەشی دەرەوەی سنووری ڕادیۆوتەلەفزیۆن دام و ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە و سوپاسبێژی هەوڵدانی شەووڕۆژو بێ وچانی هەر یەک لە ئێوە بەڕێزان دەبم.
«ئیبراھیم عەلی بورزی» وتیشی: ئەو نەمامە جوانەی کە بیست و چەند ساڵ لەمەوبەر لەم بەستێنەدا چێندرا، ئەوەتا ئێستا لە سایەی فەزڵی ئیلاھی و ھەوڵی دڵسۆزانەی ئێوە، بووەتە دارێکی قایم و قۆڵ و ڕەنگاوڕەنگ، کە ھەر لە بەیانییەوە ھەتا درەنگانێ بۆن و بەرامەی باوەڕو خزمەت دەپڕژێنێ و ناوبانگی ھەموو کەوشەنێکی بڕیوەو لە قووڵایی ڕۆحەکاندا هێلانەی کردووە. ھۆگرانی ئەم میدیایە ھەر لە داوێن و پێدەشتە سپییەکانی هیمالایا و پامیرەوە بگرە ھەتا کەنارە کەسکەکانی ئادریاتیک، چریکەی سەحەر لە منارە مەعنەوییەکانی کەناڵەکەمانەوە وەردەگرن کە دیارە ھەر قومێکی پەیامە تریفەدارەکەی لێوڕێژە لە نەخش و نیگاری ڕاستبێژی و ئەرکمەندی و تێکۆشان. ئەوەتا لە کازیوە ھەڵھاتنی بیست و شەشەمین سەحەری ھاودڵی داین و بەم بۆنەیەوە بۆ ھەموو ئێوەی دانەری ئەم ئاوازو چریکە پڕلە دلۆڤانی و مرۆڤایەتییە،ئاواتی تەندروستی و سەربەرزی دەخوازم.
ئاھەنگی بیست و شەشەمین ساڵگەڕی دەست پێ بووونی چالاکییەکانی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر نۆونیوی بەیانی ھەتا یانزەونیوی پێش نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لە ھۆڵێکی کۆبوونەوەکانی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو.