شوبات 24, 2023 21:49 Asia/Tehran
  • وەڕێخستنی وێب ئەپڵیکەیشنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کوردیی سەحەر

لەگەڵ وەڕێخرانی وێب ئەپڵیکەیشنی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردیی سەحەر، فیلم و زنجیرەی ئێرانی، بەڵگەفیلم و میوزیک بۆ بینەرانی کورد زمان دەخرێنە بەردەست.

Image Caption

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە بەشی پێوەندییە گشتییەکانی جێگرایەتیی میدیای نیشتمانی بۆ دەرەوەی سنوور، تایبەتمەندییەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردیی سەحەر لە نێو کورد زمانەکانی جیهاندا ئەو فیلم و زنجیرە و بەڵگەفیلمانەن کە بە درێژایی ساڵانێکی دوورودرێژ بە دوو شێوەزاری سۆرانی و کورمانجی بەرهەم هێنراون و یان وەرگێڕدراون.

ھەربۆیە بە سەرنجدانی ڕادەی پێشوازیی بەردەنگان بە پێی ئەو ئامارەی کە لە سەردانی وێب سایتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی سەحەری کوردی دەستکەوتووە،ئەم پێکھاتەیە بە بەکارهێنانی شێوازی هاوچەرخی گواستنەوەی پەیام، ئەپڵیکەیشنی وێبی سەحەری من ( My Sahar) ی وەڕێ خستووە.

«عەلی بیاگۆی»، بەرپرسی کەشی مەجازیی کەناڵی کوردیی سەحەر ڕایگەیاندووە: ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پلاتفۆرمی ڤیدیۆیی و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی شارەزا سەرەکییەکانی دیکەی ئەم بازاڕە دروست کراوە.

Image Caption

وتیشی: لە قۆناغی یەکەمی وەڕێخستنەکەدا نزیکەی ٥٠٠ ناونیشانی فیلم و زنجیرە و بەڵگەفیلم و میوزیک و پادکست بە زیاتر لە چوار هەزار کلاکێت لە ماڵپەڕەکەدا دانراون. پلاندانانی ئەم نەرم ئامێرە بۆ قۆناغی دووەمی خۆی بەرەو باشترکردنی کوالیت و خێرایی دەڕوات و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی سەردانکەران و پێکھاتنی ئاسانکاری لە دەستڕاگەیشتن بە ڤیدیۆکان. قۆناغی سێیەمی ئەم ئەپڵیکەیشنە دوای بڵاوبوونەوەی ھەمەلایەنەی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تایبەتی بەدواوە دەبێت.

ئەمە یەکەم وێب ئەپڵیکەیشنی کوردییە بۆ نمایشکردنی فیلم بە شێوەیەکی کۆکراو لە جیهانداو کۆدکردنی تایبەت و پارێزراوی ئەم ماڵپەڕە وایکردووە لە ماوەیەکی کورتدا لە نێو ڕکابەرە تەلەفزیۆنییەکان لە بزوێنەرەکانی گەڕاندا سەرکەوتوو دەربکەوێت.

«عەلی بیاگوی» سوپاسی داکۆکیکارانی گەڵاڵەی وێب ئەپڵیکەیشنی کوردی لەوانە «ئیبراهیم عەلی بورزی» سەرۆکی گشتیی کەناڵی جیھانیی سەحەر، «ڕەزا دەروێش نووری» بەڕێوەبەری کەناڵی کوردی و «هۆشەنگ شێخی» بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ و بەرنامە سیاسییەکانی ئەم کەناڵەی کردو، هەوڵی شەو و ڕۆژو ماندوویی نەناسانەی «میهران هۆشەنگی» و «سارا ئەسەدی» لە تیمی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیەشی ھەر لە سەرەتاوە ھەتا ئێستا بەرز نرخاند.

Image Caption