نیسان 12, 2023 08:09 Asia/Tehran
  • خۆ ئاماده کردنی ڕژێمی زایۆنی بۆ ڕۆژی جیهانیی قودس

میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی شەوی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی داگیرکەر بۆ ڕۆژی جیهانی قودس لە ئامادەباشیدان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، کەناڵی ١٢ی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاند کە بە سەرنجدانی ئاڵۆزییەکانی مانگی ڕەمەزان و بە تایبەت بە هۆی ڕووداوەکانی حەوتەی ڕابردوو کە تیایدا موشەک لە لوبنان، غەززە و سووریاوە ھاوێژراون، بڕیار دراوە کە سیستێمی بەرگریی ئاسمانی  لە کۆتایی ئەم حەوتەیەدا لە ناوچە جۆربەجۆرەکان جێگیر بکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە،هاوکات هێزی سەربازیی تایبەت لە ناوەندی فەلەستینی داگیرکراو بۆ یارمەتیدانی پۆلیسی زایۆنی جێگیر کراون ھەتا بە گوێرەی فەرمانی وەزیری ئاسایش یارمەتیی پۆلیسی ڕژێمی زایونی بدەن و ئاسایش لە ناوەندەکانی شارەکاندا پتەوتر بکەنەوە.

لە هەمان کاتدا دوای پەرەسەندنی ململانێکان لە فەلەستین بەهۆی پێشهاتەکانی مزگەوتی ئەقسا، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی سێشەممە چوونی "جوولەکان"ی بۆ ناو مزگەوتی ئەقسا ھەتا کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان قەدەغە کرد.

ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە بەپێی ئامۆژگارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی "ئیسرائیل" جولەکەکان تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان مافی چوونە ناو مزگەوتی ئەقسایان نییە.

کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنی لەم بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ناتانیاهۆ فەرمانی بە هێزەکانی پۆلیس داوە کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ھەتا کۆتایی مانگی ڕەمەزان ڕێگری لە چوونی شارۆچکەنشینە زایۆنیەکان بۆ نێو مزگەوتی ئەقسا بکەن.

ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆش دوای هۆشداری دانی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین "حەماس" دراوە سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوەی «هەر کارێکی گەمژانەی زایۆنیستەکان لە دژی مزگەوتی ئەقسا و نوێژخوێنان و گەلی فەلەستین لە قودسی داگیرکراو» دا.

سەرپەیڤ