شوبات 11, 2023 22:07 Asia/Tehran
  • بەهاری ٤٤ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە قوڵایی زستاندا

سەرەڕای ساردیی کەشوهەوا، خەڵکی ئێرانی ئیسلامی لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان لە چل و چوارەمین ساڵڕۆژی بەهاری شۆڕشی ئیسلامیدا ئامادە بوونێکی حەماسی و شۆڕشگێڕانەیان هەبوو.

خەڵکی تاران لە کەشوهەوای ساردی زستاندا بە ئامادە بوونی بەربڵاوی خۆیان لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان جارێکی تر ئەوەیان سەلماند کە ھەتا ئێستاش لە پای ئارمانج و بەهاکانی نیزام و شۆڕشی ئیسلامی دا وەستاون.

شەپۆلی بەرفراوانی خەڵک لەو ڕێگایانەی کە دەچنەوە سەر مەیدانی ئازادیی پارچەنووسگەلێکی دروشمی شۆڕشگێڕانەو وێنەکانی ئیمام خومەینی، ڕابەری مەزنی شۆڕش و شەهیدانی بەرگریکاری گڵکۆ پیرۆزەکان و ئاسایشت و شەهید «سولەیمانی»یان هەڵگرتبوو.

خەڵکی بە پەرۆش و شۆڕشگێڕی مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش لە چل و چوارەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دا لە هاوکات و ھاوتەریب لەگەڵ هەموو وڵات ھەستان و لە ڕیزێکی تێک ترنجاودا ڕابوونێکی حەماسییان لە ڕێپێوانەکەی ٢٢ ڕێبەندان دا نومایش کرد.

کەش و هەوای شاری مەشهەد لە شەوی ڕابردووەوە بەفرین و ساردە ، بەڵام کەش و هەوای سارد ڕێی بە گەلی هەمیشە لە سەر ھەستی ئێران نەگرتووەو ئەمجارەش بەهاری ٤٤ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە قوڵایی زستاندا بە ئامادەبوونی ناوازەی خەڵک بەرز ڕاگیرا.

جەماوەری شێعە و سوننەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش جارێکی دیکە لە گۆڕەپانێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەدا لەگەڵ ئێرانییەکانی دیکەی وڵات هاتنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی داستانێکی دیکە دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەم سەرماو سۆڵەیەدا بەڵگەیەکی زێڕینی دیکە لە تۆمارە درەوشاوەکەیان زیاد بکەن لە ڕووی پاراستنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە.

خەڵکی مازەندەران لە باکووری ئێرانیش، لە کەشوهەوای تاڕادەیەک ساردی زستاندا، لە شەقامەکاندا دەرکەوتن و دروشمی «گەلی ئێمە بەئاگایە، ڕقیشی لە ئەمریکایە»، «بێدەنگە لێکردنی موسڵمان ، خەیانتە لە قورئان»، بێدەنگی لە ھەمبەر سوکایەتی، خەیانەتە خەیانەت»، «ئاژاوەچیی بێ ڕیشە  ئێران قەت نابێتە دیمەشق»، «ئوممەتی عاشورایی  سازانی پێ قبوڵ ناکرێت» و «گەنجانی شۆڕشگێڕ سەرشۆڕی قبوڵ ناکەن» پابەندبوونی خۆیانیان بە شۆڕشی ئیسلامی نیشان دا ئەویش دوای ٤٤ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی.

ئینجا ھاوکات و ھاوتەریب لەگەڵ هەموو ئێرانی ئیسلامیدا، کەسانی بە پەرۆش و شۆڕشگێڕ و هەمیشە لە سەر ھەستی پارێزگای کوردستان لە ڕۆژئاوای وڵاتیش، بە ئامادەبوونێکی پڕجۆش و خرۆشەوە لەو ڕێگایانەی بۆیان دیاری کرا بوو، ڕێپێوانەکەیان لە ٢٢ی ڕێبەندان دا دەست پێ کرد و لە کەشوهەوای ساردی زستاندا گەرمییەکی تایبەتیان بەم ڕێوڕەسمە بەخشی.

جێگای ئاماژەیە، ڕێوڕەسمی ڕێپێوانی ڕۆژی ٢٢ ڕێبەندان لە ٣٨ هەزار گوند و ١٤٠٠ شاری ئێران لە کاتژمێر ٩ی بەیانی (بە کاتی تاران) دەستی پێکردو ٦ هەزار کەس لە میدیا ئێرانی و بیانییەکانیش ڕووماڵی ئەم ڕێپێوانەیان کرد.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ کۆچیی ھەتاوی، ڕێککەوت لەگەڵ ١١ی فڤریەی ساڵی ٢٠٢٣ زایینی چل و چوارەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بوو لە وڵاتی ئێران دا.

سەرپەیڤ